خۆپیشاندانەکان لە ئێران و ڕۆژهەڵات بەردەوامە و چەندین ڕێگا داخراون

خۆپیشاندانەکان لەدژی بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین زۆربەی شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە، لە زۆرێک لە و شارانە خۆپیشاندەران وەک دەربڕینی ناڕەزایەتی بە کوژاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکانیان ڕێگاکانیان داخستووە.


لە شەوی ڕابردووەوە خۆپیشاندانەکانی گەلانی ئێران و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژی سیاسەتە ئابوورییەکانی دەوڵەتی ئێران دەستیپێکردووە و تا ئێستا بەردەوامە.

بەپێی ئەو دیمەنانەی بە دەستمان گەیشتوون، خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پارێزگاکانی؛ ئورمیە، سنە، کرماشان، ئیلام و لوڕستان لە زۆربەی شارەکان ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و دژی سیاسەتە ئابورییەکانی دەوڵەتی ئێران بە تایبەت بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین لەلایەن حکومەتەوە، خۆپیشاندان دەکەن.

لە شارەکانی ئورمیە و بۆکان و سەڵماس لە پارێزگای ئورمیە، شارەکانی سەقز، بانە، کامیاران، مەریوان و سنە لە پارێزگای سنە، شارەکانی؛ شاباد، سەرپێڵ زەهاو، گیلان، جوانڕۆ و کرماشان لە پارێزگای کرماشان، شاری ئیلامی ناوەندی پارێزگای ئیلام و هەروەها شارەکانی؛ کۆدەشت، درود و خۆڕمئاوا لە پارێزگای لوڕستان، خەڵک لەسەر شەقامەکانن و دروشمی "دەست لە سوریا بەردە، بیر لە ئێمە کەرەوە" و "مەرگ بۆ دیکتاتۆر"، بەرز دەکەنەوە.

هەروەها خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاوشێوەی شارەکانی دیکەی ئێران، وەک ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین لەلایەن حکومەتەوە، ئۆتۆمبێلەکانیان لەناو شەقامەکان کوژاندووەتەوە و ڕێگاکانیان داخستووە.

هاوکات لە شارەکانی دیکەی ئێران لە زۆربەی ناوچەکان لە باشوری ئێران و خوراسان، خوزستان، ئازەربایجان، شیمالی ئێران، بەلوچستان و ناوەندی ئێران لەگەڵ تارانی پایتەخت، خەڵک بە کوژاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکانیان شەقامەکان و تەنانەت ڕێگای نێوان شارەکانیشیان داخستووە.

جگە لەوەش لە زۆربەی شارەکان خەڵک ڕژاونەتە شەقامەکان و بە وتنەوەی دروشمی؛ "نە غەزە نە لوبنان، گیانم بە فیدای ئێران"، "مەرگ بۆ دیکتاتۆر" و ... دەڵێنەوە و دژی سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئێران خۆپیشاندان دەکەن.

جگە لەو کەسەی شەوی ڕابردوو لە شاری سیرجان لە پارێزگای کرمان کوژراوە، شەش کەسیش برینداربوون، تا ئێستا بەپێی ئەو دیمەنانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوەتووە، چەندین کەسی دیکەش برینداربوون.

سەرچاوە هەرێمییەکان لە پارێزگای کرماشانەوە ڕایانگەیاندووە کە هێزە ئەمنییەکان لە شاری کرماشان و لە مەیدانی ئازادی دژی خۆپیشاندەران گازی فرمێسکڕێژ و ئاوی بەتەوژمیان بەکارهێناوە و لە چەندین شاری دیکەی ڕۆژهەڵاتیش هێرشیان کردووەتە سەر خۆپیشاندەران.

هەروەها باس لەوە دەکرێت کە خۆپیشاندەران لە شاری مەریوان لە پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێگای سنووری باشماخیان داخستووە و ڕێگە بە هاتوچۆی ئۆتۆمبێلەکان نادەن.

ک.س