خۆپیشاندەران لە ناوچەی سەوز نزیک دەبنەوە

کاربەدەستانی ئەمنی عێراق ڕایانگەیاندووە، کە خۆپیشاندەران پێشڕەوییان کردووە و لە ناوچەی سەوز نزیک دەبنەوە.


ئاژانسی ئەسۆشەیتدپرس بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی خۆی لە ناو کاربەدەستانی ئەمنی عێراق ڕایگەیاندووە کە، خۆپیشاندەرانی عێراقی لە بەغدای پایتخت بەرەو ناوچەی سەوز پێشڕەوی دەکەن.

بەپێی هەواڵەکە، خۆپیشاندەران مەیدانی ستراتژی "خەلانی"یان خستووەتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیان و بەشێک لە پردی "سنک"یش کە دەچێتە ناوچەی سەوز گرتووە.

هەروەها ئاماژەشی بەوە داوە کە هێزە ئەمنییەکان ڕەوانەی ناوچەکە کراون تا پێش لە پێشڕەوی خۆپیشاندەران بۆناو ناوچەی سەوز بگرن.

جێگای ئاماژەیە کە شەوی ڕابردووش تەقینەوەی بۆمبێک لە نزیک گۆڕەپانی تەحریر لە ناوەندی بەغدا، بووە هۆی کوژرانی سێ کەس و ١٨ کەسی دیکەشی بریندار کرد، هاوکات چوار بۆمبی دەنگیش لەو نزیکە تەقییەوە، لەلایەکی دیکەشەوە تەقینەوەی بۆمبێکی دیکە لە شاری ناسریە ١٨ برینداری لێکەوتەوە.

س.ح