خێرا تەواوبوونی پرۆژە خێرخوازییەکان توانای حکومەتی خستووەتە ژێر پرسیارەوە

لە شارۆچکەی کەلار، لەلایەن هاوڵاتیانەوە لەماوەی ١٦ ڕۆژدا ٩٠٪ی کارەکانی دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی ۷۰ قەرەوێڵەیی تەواوکراوە، هەر لەهەمان شارۆچکە حکومەتی هەرێم ماوەی حەوت ساڵە سەرقاڵی دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی ١٠٠ قەرەوێڵەییە بەڵام تا ئێستا ٥٠٪ی کارەکانی تەواو نەکراوە، ئەوەش تواناکانی حکومەتی خستووەتە ژێر پرسیارەوە.


لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، لە زۆربەی شار و شارۆچکەکان، کەسانی خێرخواز و بازرگان و سەرمایەدار، هەستان بە دروستکردنی چەندان نەخۆشخانەی تایبەت بە ڤایرۆسەکە، کە هەموویان ماوەی دروستکردنیان لە۲۰ڕۆژ کەمترە، بەڵام لە پاڵ ئەو پرۆژانەدا چەندان پرۆژەی گرنگ و ستراتیژی حکومەت هەن کە ساڵانێکە بە تەواونەکراوی ماونەتەوە.

هاوشێوەی شار و شاروچکەکانیتر لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، خێرخوازان و بازرگانان هەستان بە دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی ٧٠ قەرەوێڵەیی و پرۆژەکە لە ، لە ١٦ی مانگی سێ-وە دەستیپێکردووە لەسەر ڕووبەری پێنج هەزار مەتر کە دوو هەزار مەتری بینایە، بە بودجەی نزیکەی ٨٠٠هەزار دۆلار دروستدەکرێت و بڕیارە لەماوەی ٢٠ ڕۆژدا تەواو بکرێت، تا ئێستا پرۆژەکە ٩٠٪ی تەواوکراوە.

لە پاڵ ئەم پرۆژە خێرخوازییەدا، پرۆژەی نەخۆشخانەی ١٠٠قەرەوێڵەیی منداڵان هەیە کە پرۆژەی حکومەتە و لە ساڵی ۲۰۱۳ چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و بڕی ۲۷ ملوێن دۆلاری بۆ دیاریکراوە لە سەر بودجەی بوژاندنەوەی گەرمیان و دراوە بە کۆمپانیای فێنس، ماوەی ٨۳ ڕۆژی بۆ دیاریکرا بۆ تەواوکردنی، بەڵام نزیکەی پێنج ساڵ بەسەر ماوەکەی تێپەڕیوە و پرۆژەکە کەمتر لە ٥٠٪ی تەواوکراوە.

وەک گەرمیانییەکان دەڵێن، تاکە پرۆژەی ستراتیژیی تەندروستییە لە گەرمیان، کە لە دوای قەیرانی داراییەوە کارەکانی ڕاگیراوە، لەکاتێکدا ئەگەر ئەم پرۆژەیە تەواو بکرێت، سێ بەشی گرنگی تیایدا هەیە، کە لە هیچ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیاندا نییە، ئەوانیش "بانکی خوێن و بەشی تالاسیما و دووبارە چارەسەرکردنی ئاوی قورس"ـە.

شاهۆ عەبدوڵا چالاکوانێکی مەدەنی لەم بارەیەوە بۆ ڕۆژنیوز وتی: ئەمە جێگەی پرسیارە، کۆمەڵێک خێرخواز بە ماوەی ٢٠ڕۆژ نەخۆشخانەیەک دروستدەکەن، کەچی حکومەت بەو هەموو داهاتەوە لەبەردەستیدایە ناتوانێت نەخۆشخانەیەک بە هەشت ساڵ تەواو بکات.

ئاماژەی بەوەشدا: ئەمە نیشانەی بێ بەرنامەیی و گەندەڵی و نەبوونی ستراتیژی حکومەتە، بۆ ئەم پرۆژە گرنگانە، هەروەها ئێمە بڕوامان بە هەوڵدانی یەکە ئیدارەییەکان نەماوە و خۆمان فشاردەکەین بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە و لە ئێستاشدا کەمپەینی واژۆ کۆکردنەوەمان ڕاگەیاندووە.

هەڤاڵ ئیبراهیم وتەبێژی ئیدارەی گەمیان ڕاگرتنی کارەکانی پرۆژەکەی گەڕاندەوە بۆ قەیرانی دارایی، وتیشی، ئەوان لە هەوڵی ئەوەدان پڕۆژەکە بخرێتەوە کار، ئاماژەی بەوەشکرد:"لە لیژنەی باڵای ئابووری ئەنجومەنی وەزیران، پڕۆژەکە خراوەتە بەر باس و سەرجەم ئیش و کارەکانی پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیران کراوە.

د.ع