خەلیفان، ١٨٧ پشکنین پاک دەرچوون

لە شارەدێی خەلیفان، ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و پشکنین بۆ هاوڵاتیانی شارەدێیەکە بەردەوامە و ئەنجامی ١٨٧ پشکنین پاک دەرچوون.


بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبونەوەی زیاتری کۆرۆنا لە شارەدێی خەلیفانی سنووری پارێزگای هەولێر، ڕێکارەکانی خۆپارێزیی بەردەوامە.

لەو بارەیەوە کاروان شێرزاد، بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی خەلیفان، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند "لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا پشکنینیان بۆ ١٨٧ هاوڵاتی شارەدێی خەلیفان کردوە و سەرجەمیان نێگەتیڤ دەرچوون".

وتیشی: جگە لە دراوسێ و ناسیاوەکانی بەرکەوتەی یەکەم، پشکنینەکان بەشێوەی هەڕەمەکی لەناو هاوڵاتیان وەردەگیرێت و بەردەوامیش دەبن لە پشکنینی هاوڵاتیان.

بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی خەلیفان دڵنیاییدا لەوەی هێشتا دۆخی خەلیفان مەترسیدار نیە، بەڵام ئەوان ڕێکارەکان وەک خۆی جێبەجێ دەکەن و نایانەوێت دۆخەکه لەدەستیان دەربچێت.

دوێنێ ژنێکی ٢٢ ساڵ لە خەلیفان تووشی ڤایرۆسەکە بوو بەوەش ژمارەی تووشبووان لەو شارەدێیە گەیشتە حەوت کەس، بۆ ماوەی دوو هەفتەش تەواویی خەلیفان کەرەنتینە کراوە و بەهیچ شێوەیەک ڕێگا بە هاتووچۆ نادرێت.

ک.س