خەڵکی باشور بۆ دیار غەریب و هەڤاڵانی ڕوویان لە قەندیل کرد

ئەمڕۆ لە ناوچە جیاجیاکانی باشوری کوردستانەوە هاوڵاتیان بۆ بەشداریی لە مەراسیمی بیرهێنانەوەی دیار غەریب ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی کەجەکە و هەڤاڵانی بەرەو دەڤەری ڕاپەڕێن بەڕێی کەوتوون، و دوای ئەوەش دەچنە سەر گۆڕی ئەو شەهیدانە لە قەندیل.


خەڵکی باشوری کوردستان لەگەڵ سیاسەتمەداران، ڕێکخراو و دامەزراوە مەدەنییەکان و لایەنە سیاسییەکان بۆ بەشداریی لە مەراسیمی بەبیرهێنانەوە و بەخاکسپاردنی دیار غەریب و هەڤاڵانی کە لە هێرشی ئاسمانی دەوڵەتی تورک شەهید بوون ڕوویان لە ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین کردووە.

هاوڵاتیان لە کەرکوک، گەرمیان، هەولێر، مەخمور، سلێمانی و زۆرێک لە شار، گوند و ناوچەکانی دیکەی باشوری کوردستان بەیانی ئەمڕۆ بۆ بەشداریی لەو مەراسیمەدا بەرەو ڕاپەڕین بەڕیی کەوتوون.

ئەو کاروانانەی بەڕیی کەوتوون پۆستەرەکانی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە، دیار غەریب و ئاڵاکانی پەکەکە و کەجەکە-یان هەڵداوە و دروشمەکانی "بژی سەرۆک ئاپۆ، شەهید نامرن و هەڵمەت نامرێت" دەڵێنەوە.

کاروانەکەی سلێمانی بەیانی ئەمڕۆ لە بەردەم ماڵی دیار غەریبەوە لە گەڕەکی بەختیاری لەگەڵ خانەوادەکەی دیار غەریب و کەسوکاری بەڕێی کەوتوون.

ئەو کاروانانەی لە شارە جیاجیاکانی باشوری کوردستانەوە دەگەنە ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین، ڕوو لەقەندیل دەکەن و بەشێک لە ڕێگەکە بە ڕێپێوان تا مەزارگەی شەهیدان دەڕۆن، لە ڕێپێوانەکەدا دەوڵەتی تورک و هاوکارەکانی شەرمەزار دەکرێن، دوای ئەوەش دەچنە سەر گۆڕی ئەو شەهیدانە و تاجە گوڵێنە دادەنین.

لە مەزارگەی شەهیدان پەیامی کۆنسەی سەرۆکایەتی کەجەکە، کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە و پاژک، تەڤگەری ئازادی، ڕێکخراوی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە لە باشوری کوردستان، مامۆستایانی ئایینی باشور، خانەوادەی دیار غەریب و هەڤاڵانی دەخوێندرێتەوە.

د.ع