شەممە, 30 يون 2018 – 11:42 ڕۆژنیوز ـ هاوڕێ کرێکار
دوای هەشت مانگ لە ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی ئەنجومەنی جەماوەریی خورماتوو، ٦٥%ی دانیشتوانی شارۆچکەی خورماتووی سەر بەپارێزگای سەڵاحەدین، بەهۆی باشبوونی دۆخی شارۆچکەکەیان گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان.
ئاری عەلی، هاوڵاتیەکی دانیشتوی شارۆچکەی خورماتووە، بۆ ڕۆژنیوز وتی: هەرچەندە لەناو شارۆچکەی خورماتوو هیچ مەترسیەک نیە و لەڕووی ئەمنییەوە ئارامە، بەڵام بەهۆی ئەو جموجوڵانەی ماوەیەکە چەتەکانی داعش لە دەوربەری خورماتوو دەستیان بە کردەوەی تیرۆریستی کردووە، خەڵک بە گشتی مەترسی لا دروست بووە، هۆکاری دروستبوونی مەترسیەکەش متمانە نەبوونە بەو هێزانەی ئێستا هەن.
وتیشی: لەبەرئەوەی پێشمەرگە لە ناوچەکە بوونی نیە، خەڵک بە تەواوی دڵنیا نیە، هەر ئەمەش بوەتە هۆکاری ئەوەی بەشێک لە دانیشتوانی شارۆچکەکە نەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.
سەیف ئەنوەر، چالاکوانی مەدەنی و دانیشتوی شارۆچکەی خورماتوو، بۆ ڕۆژنیوز، باسی لەسەر کرد: لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ و لەگەڵ هاتنی هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرا بۆ شارۆچکەکەمان، دۆخێکی ئارام و تا ڕادەیەک جێگیر لە ڕووی ئەمنییەوە بەرقەرار بووە و هەموو کاروبارێک بە پێی یاسا و بە شێوەیەکی باش بەڕێوەدەچێت و دانیشتوانی کوردیش بە ئازادانە ئیشوکاری خۆیان دەکەن.
باسی لەوەش کرد: ڕێژەیەکی زۆری خەڵکی دانیشتوی خورماتوو، گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان، ئەوەشی نەگەڕاوەتەوە، هۆکاری تایبەتی خۆی هەیە، کە بریتیە لە سوتاندن یا لە تەقاندنەوەی خانووەکەی لە ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، یان ئەندامی یەکێک لە هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانە.
هەروەها خالید قادر، ئەندامی ئەنجومەنی هەرێمی گەرمیانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان، بۆ ڕۆژنیوز، ئەوەی خستەڕوو: بەهۆی هێزی بەرپەرچدانەوەی خێرا، ناو شارۆچکەی خورماتوو لە ڕووی ئەمنیەوە تا ڕادەیەکی باشە و ژیانی هاوڵاتیان پارێزراوە، ئەگەر بێت و ئەم هێزە نەمێنیت ئەوە جارێکی تر خورماتوو وێران دەبێت و کورد زەرەرمەندی یەکەم دەبێت.
ئەوەشی وت: ئەو جموجوڵانەی چەتەکانی داعش لە سنوری خورماتوو، مەترسی بۆ سەر دانیشتوانی شارۆچکەکە دروست کردووە، هۆکاری مەترسیەکەش ئەوەیە، ئەو خەڵکە متمانەی بە هێزە ئەمنییەکانی دەرەوەی شارۆچکەکە نەماوە، ئەگینا لەناو شارۆچکەی خورماتوو دۆخ ئارامە و خەڵک بە ئارەزووی خۆیان هاتووچۆ دەکەن بە بێ ترس.
ک.ک