هەینی, 29 يون 2018 – 09:57 ڕۆژنیوز ـ قەندیل
داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە خاکی هەرێمی کوردستاندا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر دەبێت، لە بەرامبەردا ناڕەزایی هاوڵاتییانیش پەرەدەستێنێت، ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی گوندی سوورەدێ لەو بارەیەوە بۆ ڕۆژنیوز دوان.
دایکێک بەناوی مرود ڕەسول دەڵێت: ساڵانێکی درێژە کە دەوڵەتە دەسەڵاتدارەکان هەوڵدەدەن بۆ داگیرکردنی خاکی وڵاتەکەمان، ئێستاش هەوڵ دەدەن هەمان کاربکەن، بەڵام با باش بزانن کە هەرگیز بەو مەبەستەیان ناگەن، گوندەکەمان لە هەموو شوێنێک خۆشترە، بەڵام لە سەدامەوە تا حکومەتی ئێران و دەوڵەتی تورک ڕێگایان نەداوە بەخۆشی لەسەری بژین، با ئاگاداربن کە هەرگیز خاکەکەمان چۆڵ ناکەین و لە شوێنی خۆمان دەمێنینەوە.
دەشڵێت: دەوڵەتی تورک بۆ هەموو هێرشەکانی بۆسەر قەندیل بانگەشەی ئەوە دەکات کە پەکەکە دەکاتە ئامانج، لەم دواییانەدا لە باڵایان چوار گەنجی کوشت، بۆ مەگەر ئەوانە پەکەکە بوون؟ ئێمە باش لە مەبەستیان تێگەیشتووین و دەزانین کە مەبەستیان داگیرکردنی هەموو کوردستانە، بۆیە پێویستە هەموو گەلی کورد لەدژی داگیرکارییەکانیاندا بوەستنەوە.
خدر حاجی عەبدوڵا، هاوڵاتییەکی دیکەی سورەدێ، وتی: ئەو هەموو ساڵە دەوڵەتانی ئێران و تورکیا و عێراق هەوڵیانداوە بۆ داگیرکردنی قەندیل، بەڵام نەیانتوانیوە و ئێستاش ناتوانن، ئێمە وەک گەلی کورد دەبێت یەک بگرین و یەکێتییەکی بەهێز پێکبێنین، دەبێت لەدژی ئەو داگیرکارییانەدا یەکێتی نەتەوەیی پێک بێت.
کاموران محەمەد، هاوڵاتییەکی دیکەی گوندی سوورەدێ دەڵێت: ئێمە خەڵکی ئێرەین، ئەردۆغان هەوڵدەدات بۆ داگیرکردنی خاکەکەمان، بەڵام ئێمە ڕێگایان پێنادەین، بەدرێژایی مێژوو هیچ هێزێک نەیتوانیوە قەندیل داگیربکات، من وەک هاوڵاتییەک بە ماڵ و منداڵمەوە لێرە دەمێنمەوە و گیانیشم بۆ خاکەکەم فیدادەکەم.
هێمن جەلال، ئەویش هەر لە سورەدێ دەژی، قسەی بۆ کردین و وتی: وەک هەمیشە بە ڕێکوپێکی بەردەوامین لە ژیانمان، دەوڵەتی تورک کە بانگەشە دەکات ئێمە گوندەکانمان چۆڵ کردووە، درۆدەکات، دەوڵەتی تورک هەرگیز ناتوانێت خاکەکەمان داگیربکات، ئەگەریش بێت بۆ قەندیل وەڵامی دەدەینەوە.
https://youtube.com/watch?v=HwV72UMUsts=
ک.ک