چوؤرشەممە, 20 يون 2018 – 13:28 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
دوێنێ هاوڵاتیانی سلێمانی، تەقتەق، چەمچەماڵ و هەولێر بە چەند شاندێکی جیاواز سەردانی چالاکیی قەڵغانی زیندوو لە بناری قەندیلییان کرد، ژمارەیەک لەو هاوڵاتیانە بۆ ڕۆژنیوز دووان.
هێرۆ شەریف کە لە چەمچەماڵەوە چووە بۆ قەندیل دەڵێت: ئەمڕۆ بۆ پشتگیریکردنی چالاکیی قەڵغانی زیندو هاتووینەتە ئێرە، مەبەستمان ئەوەیە یەکگرتنمان لەگەڵ ئەو گەنجانە ڕابگەیەنین، میدیا تورکییەکان بانگەشەی درۆ دەکەن، ئەو کارەش بۆ ترساندن و تۆقاندی خەڵک ئەنجام دەدەن، بەو چالاکییەوە و سەردانی هاوڵاتییان بۆ چالاکییەکە ئەو بانگەشانە ڕەتدەبنەوە، ئێمە وەک خەڵکی چەمچەماڵ ئامادەین تا کۆتایی بەرگری لە وڵاتەکەمان بکەین.
فاتیح عوسمان کە ئەویش دانیشتووی چەمچەماڵە وتی: ئێمە بە ڕۆح و گیانمانەوە لەگەڵ گەنجان و گەریلاکانین، قەندیل و باشوری کوردستان خاکمانە، ئامادەین بۆ خاکەکەمان هەموو باجێک بدەین و پێویستە ئەو چەند لایەنە سیاسییەی پشتگیریی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکن دەستبەرداری ئەو کارەیان بن، پێویستە پشتگیریی خاک و وڵاتی خۆیان بکەن.
هەروەها هۆگر حەسەن وتی: بە ڕۆحی کۆبانێ و عەفرینەوە پشتگیریی خاکەکەمان دەکەین، قەندیل بەرگریی لە سەرتاسەری کوردستان دەکات، پێویستە هەموو گەنجانی کوردستان و هەموو سیاسەتمەداران و چین و توێژە جیاوازەکان لە کوردستان بۆ پشتگیریی قەندیل خۆیان بگەیەننە ئێرە.
محەمەد دۆزە-ش وتی: ئێمە وەک گەنجان بۆ پشتگیریکردنی قەڵغانی زیندوو هاتووینەتە ئێرە، بە هیچ شێوەیەک داگیرکاری قبوڵ ناکەین و وەک گەنجانی باشوری کوردستان لەدژی دەوەستینەوە.
س.ح