هەزاران کەس لە دانیشتوانی شاری کۆبانێ لە دژی ڕێککەوتنی پەدەکە و بەغدا لەسەر شەنگال ڕێپێوانیان ئەنجامدا، داوایانکرد، کە هەموو لایەک پشتگیریی ئیرادەی خەڵکی شەنگال بکەن و دژی ئەو پیلانگێڕییە بووەستنەوە.
ئەمڕۆ ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی کۆبانێ، دژی ڕێککەوتنی سەر شەنگال لە گۆڕەپانی ژنانی ئازاد کۆبوونەوە و ڕێپوانێکی فراوانیان بەرەو گۆڕەپانی شەهید عەگید ئەنجامدا.
لە ڕێپێوانەکە دا پانکارتی “مەرگ بۆ داگیرکاریی تورکیا، بژی ئیدارەی خۆسەریی شەنگال” هەڵگیرا.
ڕێپێوانەکە لە مەیدانی شەهید عەگید گۆڕا بۆ گردبوونەوە لە سەر ناوی ئەنجومەنی کانتۆنی کۆبانێ، بارین کۆبانێ قسەی کرد و هاوکارییەکانی پەدەکە-ی بۆ داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک شەرمەزارکرد.
بارین وتی: “ئەو ڕۆژەی شەنگال لەژێر کۆمەڵکوژیی داعش-دا بەجێهێڵدرا، بڕیاری پاراستنی شەنگال-یان پێنەبوو، ئەمڕۆ و دوای ئازادبوونەکەی، بوونەتە دەوڵەت و بڕیار لەسەر شەنگال دەدەن، دەیانەوێت ئازادی و ئیرادەی گەلی شەنگال تێکبدەن”.
بارین کۆبانێ دووپاتیکردەوە، کە هەموو جموجوڵەکانی باکوری عێراق تەنها بۆ گەمارۆدانی شەنگال و ڕێگریکردنە لە گەلەکانی بۆ ئەوەی ئازادیان زەوت بکەن.
محەمەد شاهین، هاوسەرۆکی خۆبەڕێوبەری فورات، قسەی کرد و وتی: شەش ساڵ پێش ئێستا، هەزاران هاوڵاتی شەنگال کوژران و بێ سەروشوێن کران و چەندین ژنی شەنگالی لە ئەنجامی کشانەوەی گوماناوی هێزەکانی عێراق و پەدەکە لە بازاڕەکاندا فرۆشران، یەکینەکانی پاراستنی گەل یەپەگە، یەپەژە و هەپەگە، خەڵکی شەنگالیان پاراست و سەدان شەهیدیاندا، لە کۆتاییدا شەنگال لە دەستی داعش ڕزگار کرا، پاشان دانیشتوان گەڕانەوە ناوچەکانی خۆیان و دەستیان کرد بە خۆڕێکخستن، بەڵام جارێکی دیکە پیلانگێڕیی سەر شەنگال دەستیپێکرد.
هەروەها وتی: بۆ ئەوەی کە دەسکەوتەکانی گەل بپارێزین، داوا لە جیهانی ئازاد، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین، کە پشتگیری گەلی ئێزدی ئازاد و ئاشتیخواز بکەن.
د.ع