خەڵکی کۆبانێ گۆشەگیریی دژ بە ئۆجالانیان شەرمەزار کرد

بە هەزاران هاوڵاتی کۆبانێ دژی گۆشەگیریی سەر ئۆجالان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوای ئازادیی ئۆجالانیان کرد.


ئەمڕۆ لە کۆبانێ لە مەیدانی ژنی ئازاد، هەزاران هاوڵاتی گردبوونەوە و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، خۆپیشاندانەکە لەسەر داوای ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدانی کانتۆنی کۆبانێ بوو.

خۆپیشاندانەکە بە دروشمی "ئێمە پێکەوە گۆشەگیریی تێکدەشکێنین، دیکتاتۆریی هەڵدەوەشێنینەوە و نەتەوەی دیموکراتیک ئاوا دەکەین" بەڕێوەچوو، خۆپیشاندەران وێنەی شەهیدانی تێکۆشانی ئازادیی و وێنەکانی ئۆجالانیان بەرزکردبووەوە.

لە مەیدانی ژنی ئازادەوە خۆپیشاندانەکە دەستی پێکرد و هەتا مەیدانی شەهید عەگید لە نزیک سنوری نێوان ڕۆژئاوا و باکوری کوردستان بەردەوام بوو.

لە خۆپیشاندانەکەدا چەندین وتار پێشکەش کران و گۆشەگیری سەر ئۆجالان شەرمەزار کرا، کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بەسەر ئۆجالاندا سەپێندراوە و ڕێگە نادرێت کەس سەردانی بکات.

هەروەها ئاماژە بە گرنگی ڕۆڵی ئۆجالان کرا لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێکەوەژیانی ئازادانەی گەلان.

دوایین چاوپێکەوتنى نێوان محەمەد ئۆجالان و عەبدوڵا ئۆجالان لە ١١ی ئەیلولی ٢٠١٦ بوو، لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا دەوڵەتى تورک ڕێگای بە هیچ یەک لە ئەندامانى بنەماڵەى عەبدوڵا ئۆجالان نەداوە، کە سەردانى ئیمراڵی بکەن و چاویان بە ئۆجالان بکەوێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە دەوڵەتى تورک لە ٥ی نیسانی ٢٠١٥وە ڕێگای بە هیچ یەک لە ئەندامانى شاندی ئیمرالی نەداوە سەردانى ئۆجالان بکەن.

هەروەها پارێزەرەکانى ئۆجالان لە ٢٧ی تەمووزی ٢٠١١ بە پاساوی جۆراجۆر ڕێگرییان لێدەکرێت و ڕێگایان پێنادرێت سەردانى ئۆجالان بکەن، پاریزەرەکانى ئۆجالان تاوەکو ئێستا ٧٦٨ جار داواى بینیى ئۆجالانیان کردووە و سەرجەم داواکانیان لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە ڕەتکراوەتەوە.

 

ک.ک