دووشەممە, 20 أغس 2018 – 14:59 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
١٥ی ئاب فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورک مام زەکی شەنگالییان کردە ئامانج و لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا مام زەکی شەنگالی شەهیدبوو، ئێستا لە سەردەشتی سەربە چیای شەنگال مەراسیمی پرسە بۆ ئەو تێکۆشەرە بەڕێوەدەچێت.
ئەمڕۆ لە مەراسیمی پرسەکەدا، قسەکانی ئەم دواییانەی مام زەکی شەنگالی پەخش کرا و گوێیان بۆ گیرا، پاشان، قاسم خەلەف، لەسەر ناوی ئەنجومەنی خۆبەرێوبەری شەنگالەوە قسەی بۆ هاوڵاتیان کرد و وتی، کە دەکرێت بە یەکێتی گەلان سەرلەنوێ بژێنەوە و بانگەوازیی ئێزدییەکانیشی کرد، یەکبگرن.
پاشان دژوار موراد، لە سەرناوی تاژێ-وە قسەیکرد و وتی: ڕاستە شەهیدبوونی مام زەکی کاریگەری زۆر دەکاتە سەرمان، بەڵام کچان و کوڕانی ئێزدی ئەوەندە هەن کە درێژەپێدەری ڕێبازی مام زەکی بن، دوژمن ناتوانێت لەوە زیاتر کۆمەڵکوژمان بکات، مام زەکی لە هەر کوێیەک بێت یئێمە درێژەپێدەری ڕێبازەکەی دەبین.
ئیبراهیم خوەدێداد قاسم، وتەبێژی ئەنجومەنی ئێزدیانیش وتی: لە سەردەمێکدا دەژین، کە دەبێت لە رووی سەربازی سیاسی، ئابوری و ئەخلاقییەوە بەباشی چاومان بکەینەوە، پێویستە لە بەرامبەر سیاسەتە قێزەونەکانیاندا ئامادە و ئاگادار بین، مام زەکی هەمیشە دەیوت، پێویستە یەکبگرین.
لە کۆتاییشدا، قاسم یوسف لە سەر ناوی عەشیرەتەکانی دەشتی نەینەواوە سەرەخۆشی لە خانەوادەی زەکی شەنگالی کرد و ڕایگەیاند، کە پاش فەرمانی ٣ی ئاب، مام زەکی یەکێک بوو لەو کەسانەی هاتە ئێرە بۆ بەرگری لە خەڵکی ئێزدی.
مەراسیمی پرسەکە لە کاتی ئامادەکرد نی ئەم هەواڵەدا بەردەوامە.
س.ح