خەڵک جەژنێکی پڕ لە قەیران بەڕێدەکات

گیرفانی بەتاڵی خەڵک لەلایەک و سنووردارکردنی سەردانەکان لەم جەژنەدا، بازاڕیان بە یەکجار وێران کردووە، هەر ئەوەش دڵی خەڵکی لە پێشوازیی جەژنەکە سارد کردووەتەوە.


تەنها دوو ڕۆژی ماوە بۆ جەژنی ڕەمەزان، ئەمساڵ خەڵکی جەژنێکی پڕ قەیران و دڵەڕاوکێ بەڕێدەکەن، بازاڕ زیاتر ئەو کڕیارانەی تێدایە، کە بەدوای کاڵا و شتومەکی هەرزان و دەستی دوودا دەگەڕێن.

لێکەوتەکانی کۆرۆنا لەسەر ئابووریی هەرێمی کوردستان بە خراپی ڕەنگیانداوەتەوە، لە لایەک حکومەت مووچەی پێ دابین ناکرێت و لەلایەکی دیکەش زۆربەی خەڵکی کارەکەیان لەدەستداوە یان سەرچاوەی داهاتیان دابەزیوە بۆ خوار نیوە.

کاسبکار و کڕیارانی سلێمانی باس لەوە دەکەن، ئەمساڵ جگە لە پێویستیە خۆراکییەکان، کاڵای تر لە بازاڕ ساغ نابێتەوە، نە پێویستی جوانکاریی ناوماڵ و نە بابەتی جلوبەرگ، بەراورد بە جەژنەکانی ڕابردوو ئەو دوو کاڵایە تاڕادەیەک خەڵکی ناچن بەلایاندا.

قەیسی و کشمیش، نوقڵ و شیرینی، چەرەسات و خواردنەوە گازییەکان خواردنی سەرەکی ڕۆژانی جەژنن لە سلێمانی، بەراورد بە کاڵا و پێویستیەکانی دیکە خەڵکی سەریان تێکردوون.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانی دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر چەرەساتی ماوە بەسەرچوو و خراپ لە بازاڕدا گرت و لەناویان برد، ماوەی دوو مانگ قەدەغەی هاتووچۆی تەواوەتیی راگەیەندرابوو، ئەمەش هۆکاربوو بۆ ساغنەبوونەوەی بەشێکی زۆر لە کاڵا و خواردنە نا سەرەکییەکان و بەسەرچوونیان، دوای هەڵگرتنی قەدەغە، بەسێک لە بازرگانەکان بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانیان، هەوڵی ساغکردنەوەی ماددە خۆراکییە بەسەرچووەکانیان دەدەن.

غەفور محەمەد، کاسبکاریکی دەستگێڕی تەمەن ٧٠ ساڵە، لە سوچێکی بازاڕی دارەسووتاوەکەی سلێمانی لەسەر عەرەبانە چەرەس دەفرۆشێت، دەڵێت هەرچەندە ئەمساڵ نرخی چەرەسیان هەرزان کردووە، بەڵام هێشتا خەڵکی خواستی کەمیان لەسەری هەیەو وەک جاران ڕووی تێناکەن.

مەریوان عەبدوڵا فرۆشیاری نوقڵ و شیرینیە لە سلێمانی، هەرچەندە شێوازی ڕازاندنەوەی دوکانەکەی دڵی کڕیار بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت، بەڵام بازاڕی کزە و وەک خۆی دەڵێت، خەڵکی بە وریاییەوە دەست بۆ شتەکان دەبەن و بڕێکی کەمتر لە جاران شیرینی و نوقڵ بۆ جەژن دەکڕن.

لەگەڵ ئەوەی گیرفانی بەتاڵی خەڵک کاریگەری لەسەر بازاڕ دروستکردووە، سەردانی خەڵکیش بۆلای یەکتر بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە سنووردار کراوە و ماڵەکان ئەمساڵ قەرەباڵغیی کەمتر بەخۆیانەوە دەبینن، پێدەچێت هەر ئەوەش دڵی خەڵکی لە پێشوازیی جەژنەکە سارد کردبێتەوە.

لوتفی بەکر، وەک کڕیار لە بەرەجەژناندا هاتبوویە بازاڕ، نیگەرانی بە ڕووخسارییەوە دەرکەوتبوو، لە نزیکەوە دواندمان لەسەر جەژنی ئەمساڵ و ویستمان بزانین تاچەند لە توانایدا هەبووە پێویستیەکانی جەژنی ئەمساڵ بکڕێت، بەڵام وەک خۆی باسی کرد، هەرچەندە بڕە پارەیەکی کەمی لەگەڵ خۆیدا هێناوەتە بازاڕ، بەڵام ناچارە زۆربەی پیویستییە سەرەکییەکانی بە بڕی کەم پێ بکڕێت.

سۆران محەمەد، فرۆشیاری پۆشاکی ژنانە لەناو بازاری سلێمانی، باس لەوە دەکات ئەمساڵ ٨٠٪ی فرۆشیان لەدەستداوە، ڕونیشیکردەوە، کە زۆربەی کڕیاران ڕوویان لە بازاڕی کۆنەو جلی کەم کوالێتی کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکی زیاتر جلوبەرگیان بۆ منداڵەکانیان کڕیوە وەک لەوەی بۆخۆیان بکڕن.

ئەم جەژنە لە دوای پشوویەکی کورتی جەنگ و قەیرانی دارایی چوار ساڵی دێت لە ساڵی ٢٠١٤ کە بەهۆیەوە خەڵکی لە لایەک خەمی پێشمەرگەو خاکی کوردستانیان بوو، لەلایەکی دیکەش گیرفانیان بەتاڵ و ئابوورییان خراپ بوو.

ش.ف