شەممە, 22 سبت 2018 – 09:08 ڕۆژنیوز-کەرکوک
لە ژێر ناوی چەسپاندنی یاسا و دابەشكردنی پۆستەكان بە شێوەیەی هاوسەنگی لە نێوان پێهاتەكانی كەركوک، گۆڕانكاری لە پۆستە گرنگەكانی كەركوک بەردەوامە، ڕاكان سەعید جبوری پارێزگاری بە وەكالەتی كەركوک، زۆربەی پۆستە گرنگ و هەستیارەكانی لە پێكهاتەی كورد سەندووەتەوە و عەرەب و توركمانی لە جێگاكانیان داناوە.
پێشتر لە چەندین دەزگای ڕاگەیاندن بڵاوكرابووەوە، كە یەكێتی لە شارەكە، ڕەزامەندیی دەربڕیوە بۆ دابەشكردنی پۆستەكان بەڕێژەی ٣٢% و بۆ ئەو مەبەستەش شاندێكی پێک هیناوە تا پۆستەكان بەسەر نەتەوەكاندا دابەشبكرێت و هەروەها دكتۆر بێستون زەنگەنە سەرۆكی شاندەكەی یەكێتیە، ناوبراویش ئەوە ڕەتدەکاتەوە.
لە ئێستادا دابەشكردنی پۆستە گرنگەكانی كەركوک بە ڕێژەی ٣٢% دیاریی كراوە بۆ كورد، توركمان و عەرەب، ڕێژی٤%یش بۆ مەسیحییەكان دیاریكراوە، ئەمەش لە كاتێكدایە كە كورد زۆرینەی ئەم شارە پێكدەهێنێت.
گۆڕانكاریەكان لە پۆستەكانی شارەكە و لادانی بەڕێوەبەرە كوردەكان، نیگەرانی لایەنی كوردی لە شارەكە لێکەوتووەتەوە، تا ئێستاش پارێزگاری بە وەكالەتی شارەكە بەردەوامە لە لادانی بەڕێوبەری بەش و فەرمانگەكان لە نەتەوەی كورد.
ئەڵماس فازل، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە فراكسێۆنی یەكێتی لەو بارەیەوە بە ڕۆژنیوزی وت:”ئێمە وەک یەكێتی و كەركوكییەكان ئەو بڕیارە ڕەتدەكەینەوە كە بە شێوەیەكی نادروست پۆستەكانی شارەكە بە ڕێژەی ٣٢% دابەش دەكرێت، دیاری كردنی ئەو ڕێژەیە بۆ هەر نەتەوەیەك بۆ ٣٢% پێشنیاری مام جەلال بوو، ئەوەش بۆ كاتێک و خولێكی دیاریكراوی حكومەت بوو، دیارە ئەو كاتە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوک دروست دەكرا، سەرۆك كۆمار پێشنیاری كرد”.
ئەڵماس دەشڵێت:”ئەو ڕێژەی دیاریكراوە ئێمە بە هیچ شێوەیەك ناچینە ژێر باریەوە، چونكە كورد لە شارەكە٥٢% پێك دەهێنێت، بە پێی ماف بێت ئەوا زۆرترین كورسی پەرلەمان كورد بەدەستی هێناوە و زۆرینەی شارەكەیە، بۆیە دەبێت هەر نەتەوەیەک بە پێی قەبارەی خۆی دەسەڵاتی هەبێت”.
ڕوونیشیكردووە:”لە بەغداوە كار كراوە بۆ ئەوەی كاركردن بەو ڕێژەیە ڕابگیریت و بەردەوامیش دەبین لە كاركردن بۆ وەستاندنی ئەو كارە”.
هەروەها بێستوون زەنگەنە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی، بە رۆژنیوزی وت:”بەداخەوە هەندێ سایت و كەسایەتی كە هەواڵێك بڵاودەكەنەوە باوڕپێكراو نییە، دەربارەی پۆستەكانی كەركوك و دابەشكردن بەسەر نەتەوەكاندا بەشێوەی یەكسان، ئێمە ماوەیەكە ئەو كارەمان ڕاگرتووە، لە بەر ئەوەی ئەو نوسراوەی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە هاتووە، باس لە هاوسەنگیی دەكات، بەڵام ئەو نووسراوە باسی دابەشكردنی پۆستەكانی نەكردووە بەو ڕێژەی كە كاری پێكراوە”.
ڕاشیگەیاند:”لایەنی عەربی و توركمانی داوایان كردووە بە ڕێژی٣٢ ٪ دابەش بكرێت بۆ هەر نەتەوەیەک، ئێمە وەك یەكێتی هەرگیز ڕێگا نادەین كە ئەو ڕێژەیە كاری پێ بكرێت، چونكە لە هەموو دنیادا دابەشكردنی پۆستەكان بە گوێرەی دەنگی هەڵبژاردن دەبێت، دواین هەڵبژاردنیش ئێمە نیوەی كورسی شارەكەمان بەدەست هێناوە، ئەمەش دەیسلمێنێت كە كورد زۆرینەی شارەكە پێکدەهێنێت، بۆیە ناكرێت بەشێوەی عەرەب و توركمان پۆستی پێ بدرێت”.
لە کۆتاییشدا زەنگەنە، ئاماژەی بەوەشكرد:”نوسراوێكمان ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران كردووە، چاوەڕوانین وەڵاممان بدەنەوە، كە تێیدا داوامان كردووە كە مەبەستیان لە هاوسەنگی چیە؟، كە بە ئێدارەی كەركوكیان وتووە هاوسەنگی ڕابگرن”.
https://youtu.be/YUUC3nNdin4?t=15=
س.ح