دابەشنەکردنی نەوت خەڵکی ناچار کردووە ڕوو لە زۆپای دار بکەنەوە

هاتنی وەرزی سەرما و گرانی و دابەشنەكردنی بەشە نەوتی ماڵان، هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو خواستی هاوڵاتیانی لەسەر بەكارهێنانی زۆپای دار لە شارۆچکەی سۆران زیاد دەکات، وەستایەکیش دەڵێت: جگە لەوەی خەڵکانی کەمدەرامەت ئەو جۆرە زۆپایانە بەکاردەهێنن لە ئێستادا زۆر كەس وەك نەریتێكی دێرین حەز بە بەكارهێنانی زۆپای دار دەكەن.


دروستكردنی زۆپای دار پیشەیەكی دێرینی وەستای تەنەکەچییەکانی کوردستان و لە شارۆچكەی سۆرانی سەر بە پارێزگای هەولێریش چەند وەستایەکی دێرین هەن کە دەیان ساڵە درێژەیان بەو پیشەیە و دروستکردنی زۆپای دار داوە.

زۆپایدار، لە کۆنەوە بە کاردێت بۆ گەرمکرنی ناو ماڵ و شوێنەگشتییەکان بە تایبەت ئەو شوێنانەی دەكەونە ناوچە شاخاوییەكانەوە و بەهۆی هەرزانی نرخ و خەرجیشیەوە، لە بری زۆپای نەوت و غازی هاوچەرخی ئێستا بەکاردێت، زۆپایدار ئەگەرچی بەهۆی ئەوەی بەدار ئیش دەکات و بەهۆی بڕینەوەی دار و دووکەڵەکایەوە زیان لە ژینگە دەدات، بەڵام ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و بەهۆی گرانی و دابەشنەكردنی بەشە نەوتی ماڵان لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، خواست لەسەر بەكارهێناوەی زۆپای دار زیاتر دەبێت و هاوڵاتیان ناچارن بۆ خۆ گەرم کردنەوەیان بەکاری بهێنن.

وەستا ئەحمەد جەبار، یەكێكە لە وەستاکانی شارۆچکەی سۆرانە و ماوەی ٩ ساڵە پیشەی تەنەکەچێتی و كاری دروستكردنی زۆپای دار و چاكردنەوەی تانكی ئاو دەكات و پیشەكەش لە باوكیەوە بۆی ماوەتەوە، بەهۆی ئەو پیشەیەوە توانیویەتی بژێوی ژیانی خێزانەكەی دابین بكات.

ئەو وەستایە کە تەمەنی ٣٠ ساڵە و خێزاندارە وەک خۆی دەڵێت: جگە لەوەی خەڵکانی کەمدەرامەت ئەو جۆرە زۆپایانە بەکاردەهێنن لە ئێستادا زۆر كەس وەك نەریتێكی دێرین حەز بە بەكارهێنانی زۆپای دار دەكەن بە تایبەت بە تەمەنەكان.

وەستا ئەحمەد، ڕۆژانە لە دوکانەکەیدا سەرقاڵە بە دروستكردنی زۆپای دار و لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرماشدا كڕین و فرۆشتنی زیاتر دەست پێدەكات و نرخی یەك زۆرپای داریش لە نێوان ٣٠ تا ٣٥ هەزار دینارە.

لە بارەی چۆنیەتی دروستکردنی زۆپای دارەوە وەستا ئەحمەد، دەڵێت "بە یەك پلێت كە درێژیەكەی ٢٥٠ سانتیمەتر و پانیەكەی ١٢٥ سانتیمەترە دەتوانێت ٤ زۆپای دار دروست بكات، دروستكردنی هەر زۆرپایەكی داریش پێویستی بە یەك كاتژمێر و نیو هەیە".

دەشڵێت" لەگەڵ ئیشەكەی زۆر ئاسودەیە و هەست بە ماندووبوون ناكات جگە لە زۆرپای داریش چەندین كەرەستەی تر بە ماددەی پلێت دروست دەكات".

لەبارەی فرۆشی زۆپای دارەوە ئەو وەستایە ئەوەی خستەڕوو کە "ساڵی پار بازاڕی زۆپای دار زۆر گەم بوو بە تایبەت لە گوندەكان زیاتر زۆرپای دار بەكاردێت لە شاریش ئەگەر وەك ساڵی پار نەوت دابەش نەكرێت بێگومان خەڵكێكی زۆر ڕوو لە بەكارهێنانی زۆرپای دار دەكات، چونكە دار ئاسانتر و بە نرخی كەمتر لە نەوت دەست دەكەوێت بەهۆی ئەوەی دەڤەری سۆرانیش ناوچەیەكی شاخاویە و كەش و هەوای زۆر ساردە و هەمووكەسیش توانای كڕینی نەوتی نیە".

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد "کە لە بازاڕدا زۆپای ئامادە و دروستكراوی ئێران هەیە كە نرخەكەشی هەرزانە، بەڵام كوالێتی و ماددەكەی زۆر خراپە شێوازەكەشی زۆر جیاوازە لەوەی ئێمە بەكاری دێنین بۆ دروستكردنی زۆرپای دار".

ک.س