دادوەرانی گەرمیان: تا گەیشتن بە مافەکانمان بەردەوامدەبین لە مانگرتن

دادوەران و ئەندامانی داواكاری گشتی سنوری گەرمیان، کە سێ ڕۆژە  بەردەوامن لە مانگرتن ڕایدەگەیەنن: ئەنجومەنی دادوەری گوێ بە داواکارییەکانیان نادات و داواکاری گشتی هەرێمیش هەڕەشەی سزادانیان لێدەکات لە ئەگەری بەردەوامبوونی مانگرتنەکەیان.


ئەمڕۆ بۆماوەی سێ ڕۆژە كۆمەڵێك لە دادوەران و ئەندامانی داواكاری گشتی سنوری دادگای تێھەڵچوونەوەی گەرمیان و فەرمانگەی داواكاری گشتی گەرمیان، لەدژی بڕیارێکی ئەنجومەنی دادوەری و چەند کەیسێکی گەندەڵیی، لەبەردەم فەرمانگەی داواكاری گشتی گەرمیان، مانگرتنیان ڕاگەیاندووە.

لە بارەی بەردەوامی مانگرتنەکەیانەوە نزار حەسەن جاف، بەرپرسی فەرمانگەی داواكاری گشتی گەرمیان بۆ ڕۆژنیوز قسەیکرد و وتی: زۆر بەڵگەو دۆکۆمێنت لەبەردەستمان هەیە سەبارەت بە هەبوونی گەندەڵی و دۆخی دادوەری لە سنوری گەرمیان کە جێگای قبوڵکردن نییە، خەریکە دادگا دەبێتە جێگای سەرکوتکردنی هاوڵاتییان لەبری چارەسەرکردنی کێشەکان و زۆر ڕێگایی یاساییمان گرتەبەر بۆ چارەسەرکردنی بەڵام گوێمان لێنەگیرا، سەرەڕای ئەوەش داواکاری گشتی هەرێم لە ئاگادارییەکی هەڕەشە ئامێزدا، داوای شکاندنی مانگرتن و گەڕانەوەی بۆ دەوام لێکردووین و ئەم هەڵوێستەمان بە پشێوی ناوبردووە، لەئەگەری نەگەڕانەوەشمان بەرپرسیاردەبین بەرامبەر یاسا.

بەرپرسی فەرمانگەی داواكاری گشتی گەرمیان، ئاماژەی بەوەشدا: گەنجە قارەمانەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان بەگیانی خۆیان بەرامبەر تانک و تۆپ و تەیارەی دوژمن بەرگری لە خاکی کوردستان دەکەن، شەرمە بۆ ئێمە نەتوانین بەرگری لە دەزگا و ماڵەکەی خۆمان بکەین، بۆیە ئێمە بەردەوامدەبین لە مانگرتن تا گەیشتن بە مافەکانمان و تا ئەوکاتەی لیژنەیەک لە ئەنجومەنی وەزیران یان حکومەت یان پەرلەمان دێنە لامان و بەڵگەکانمان بخەینەڕوو بۆ ئەوەی ئەم کێشانە چارەسەربکرێن.

جێگای ئاماژەیە ڕۆژانە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق و کوردستان و دادوەرانی  هەرێم و چەندان کەسایەتی دیار و هاوڵاتیان، سەردانی خێوەتی مانگرتنەکە دەکەن، بۆ نیشاندانی پاڵپشتی لە ناڕەزایەتییەکانیان، لەو چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ یوسرا ڕەجەب، ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق و حاکم شێخ لەتیف و کاوە عەبدلقادر ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق سەردانیان کردن.

ک.س