دادگایەکی ویلایەتی ڤێرجینیای ئەمریکا سکاڵایەکی ژنە چالاکوانێکی کورد دژی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەجووڵێنێت، کە بە تۆمەتی “ناوزڕاندن و دروستکردنی مەترسیی لەسەر ژیانی” تۆماریکردووە.
سەرکەوت شەمسەدین، پەرلەمانی پێشووی عێراق و هاوسەری ژنە چالاکوان شنیار ئەنوەر لە فەیسبووکی خۆی بڵاویکردووەتەوە:”دادگای فیدڕاڵی ناوچەی ئەلێگزاندریای ویلایەتی ڤێرجینیای ئەمریکا داوایەکی یاسایی دژی سەرۆک وەزیرانی هەرێم پێگەشتووە، کە لەلایەن شنیار ئەنوەر حسنەوە تۆمار کراوە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە:”ڕۆژی ۱٤ی نۆڤەمبەر دادگای ناوچەی ئەلێکزاندریا لەسەر ماڵپەری فەرمی خۆی دەقی سکاڵاکەی بڵاوکردووەتەوە دژ بە مەسرور بارزانی، داواکەش لە ڕێگەی پارێزەرانی شنیار ئەنوەر تۆمارکراوە بە ناوەکانی جۆن راولی و ئەدریان مۆرس و جۆن ئارڤین”
باسی لەوەشکردووە، کە “مەسرور بارزانی لەلایەن یەکێک لە کۆمپانیا هەرە زەبەلاحەکانی بواری پارێزەرایەتی بەناوی گرینبێرگ تراوریگ نوێنەرایەتی دەکرێت و لە ئێستا دادگا تەبلیغی ئاراستەی مەسرور بارزانی کردووە بۆ وتە لێوەرگرتن”
ماڵپەری فەرمی دادگاکە ڕایگەیندووە، کە بارزانی لە ڕێگەی بەیانێکەوە دژی شنیار ئەنوەر، ژیانی خستووەتە بەر مەترسیی و ناوزڕاندن.
دەشڵێت “دوای بەدواداچوونمان، دەرکەوت نووسەری راپۆرتەکە، پەیوەندی لە گەڵ خێزانی پەرلەمانتارێکی کوردی پێشووی عێراقەوە هەیە، کە هاوڵاتی ئەمەریکییە و بە هەڵوێستەکانی دژ بە خەڵکی کوردستان ناسراوە و بە هۆی کردەوە و هەڵوێستی خۆفرۆشانەی، لە لایەن خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستانەوە، سزا درا و لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەنگی پێ نەدرا و ڕیسوا کرا”.
ڕۆژی ٧ی ١٢ی ٢٠٢١ ڕۆژنامەی زه ئهمریكان پرۆسپێكت-ی ئەمریکی ڕاپۆرتێکی درێژی لەسەر موڵکێکی بارزانییەکان لە ئەمریکا بڵاوکردەوە و تیایدا زۆر وردەکاری ئاشکراکردبوو، وتبووی ئەو شوێنەی مەسرور بارزانی کڕیویەتی لە میامی نرخەکەی ١٨ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار دۆلارە.
ڕۆژی ٩ی هەمان مانگیش نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر ئەو ڕاپۆرتە بڵاوکردەوە و ناڕاستەوخۆ پەنجەی تۆمەتی بۆ شنیار ئەنوەری چالاکوان درێژکرد و وتی“دوای بەدواداچوونمان، دەرکەوت نووسەری ڕاپۆرتەکە پەیوەندی لەگەڵ خێزانی پەرلەمانتارێکی کوردی پێشووی عێراقەوە هەیە، کە هاوڵاتی ئەمەریکییە و بە هەڵوێستەکانی دژ بە خەڵکی کوردستان ناسراوە و بەهۆی کردەوە و هەڵوێستی خۆفرۆشانەی، لەلایەن خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستانەوە سزا درا و لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەنگی پێ نەدرا و ڕیسوا کرا”.
هاوکات مایکڵ ڕۆبن، توێژەری دیاری ئەمریکی لە تویتەری خۆی ڕایگیاندووە، کە شنیار ئەنوەر داواکەی لەسەر بارزانی جوڵاندووە و دەبێت بارزانی وەڵامی دادگا بداتەوە.

ب.ل