داعش هەڕەشە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و کورد دەکات

لەکاتێکدا ئەردۆغان سەرۆکی دەوڵەتی تورکیا هەڕەشەی داگیرکردنی هەرێمەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکات، چەتەکانی داعش لەڕێگای بڵاوکردنەوەی دیمەنێک هەڕەشە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و کورد لەسوریا دەکات، ئەمەش ئاستی هاودەستی و پاڵپشتی ئەردۆغان بۆ چەتەکانی داعش دەردەخات.


ماوەیەکە ئەردۆغان و بەڕێوەبەرانی ئاکەپە هەڕەشە دەکات لەو هەرێمانەی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا کە لەژێر دەستی چەتەکانی داعش ڕزگارکراون.

لەهەڵمەتەکانی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (قەسەدە) لەدژی چەتەکانی داعش بۆ ڕزگارکردنی هەرێمەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئەردۆغان و پارتەکەی لەهەوڵدابوون بۆ ئەوەی ڕێگە لە لەناوچوونی داعش بگرن ئەویش لەڕێگای کردنەوەی سنوورەکانی تورکیا و ناردنی چەک بۆ چەتەکانی داعش، لەهەمانکاتیشدا تورکیا ناو بەناوهێرشی دەکردە سەر بارەگاکانی قەسەدە بۆئەوەی داعش جارێکی تر بەهێز ببێتەوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، چەتەکانی داعش ڕۆژی یەکشەممە لەڕێگای بڵاوکردنەوەی دیمەنێک لە (تەلەگرام) هەڕەشە لەهاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەرکردایەتی ئەمریکا و کوردانی ڕۆژئاواو سوریا دەکات.

چەتەکانی داعش لەگرتە ڤیدیۆییەکەدا پەیامی بۆ ئەندامان و لایەنگرانی ئەو ڕێکخراوە ناردووە بەوەی شەڕ بەتین تر بکەن.

ئەو دیمەنە لە ١٠ خولەک پێکهاتووە و پەیامی ئەوە دەدەن کە داعش هێشتا لەناونەچووە و لەسوریا هەن.

پاش ٥ ساڵ لەدەرنەکەوتنی، سەرچەتەی داعش ئەبوبەکر بەغدادی لە ٢٩/٤ پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا داوای لە لایەنگرانی کردبوو بەردەوامی بە شەڕ بدەن.

لەدوایین پەلامارەکانیشیاندا، چەتەکانی داعش گەلێک ماتۆڕسکیل و ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراویان لەهەرێمەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا تەقاندووەتەوە، لەهەمانکاتیشدا ئەردۆغان هەڕەشەی داگیرکردن لەو هەرێمانە دەکات.

لەدوای ئەوەی چەتەکانی داعش لەدوایین موڵگەیان کە باغۆز بوو تێکشکان، ئەمە جاری دووەمە چەتەکانی داعش  دیمەن بڵاو دەکەنەوە.

ک.س