داقوق: بۆمبێك لە ماڵى بەرپرسێکى یەکێتى تەقییەوە

لە شارۆچکەى داقوق، بۆمبێک لە ماڵى یەکێک لە جێگرەکانى بەرپرسى مەڵبەندى کەرکوکى ى-ن-ک، تەقییەوە تەنها زیانى مادیى بەدواى خۆیدا هێنا.


كاتژێر ٩:٠٠ى ئەمشەو، لە شارۆچکەى داقوق-ى سەر بە شارى کەرکوک، بۆمێک لە ماڵى ئیدریس حاجى عادل، جێگرى لێپرسراوى مەڵبەندى ى-ن-ک، لە کەرکوک تەقییەوە.

ئیدریس حاجی عادل جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکوکی ی-ن-ک، کە دانیشتوی شارۆچکەی داقوقە بۆ ڕۆژنیوز وتی: ئەمشەو لەدەوروبەری کاتژمێر نۆ بۆمبێك بە ماڵەکەماندا تەقیەوە و زیانی گیانی بەخۆم و خانەوادەکەم نەکەوتووە بەڵام تەنها زیان بە خانوەکەمان گەیشتووە.

هەروەها وتیشى: نازانین بۆمبەکە چێندراو بووە یان نا، تەنها گوێمان لە تەقینەوەی بوو و ئێستاش پۆلیس سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە.

ئیدریس حاجی عادل ئەوەشی خستەروو ساڵی ٢٠٠٧ لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە-وە کراینە ئامانج هەمان ئەم خانووەی تێیداین تەقاندیانەوە و ڕووخاندیان.

د.ع