داقووق، پێشمەرگەیەک بە دەستڕێژی گولە کوژرا

پێشمەرگەیەک لە سنوری شارۆچکەی داقووق، دەدرێتە بەر دەستڕێژی گولە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا.


کاتژمێر ١٠:٠٠ی ئەمشەوە لە گوندی حەفتەغار لە شارۆچکەی داقووق-ى سەر بە پارێزگاى کەرکوک، پێشمەرگەیەکی لیوای ١٦  لە حەوشەی ماڵی باوکی دەدرێتە بەر دەسڕێژی گولە و گیانی لەدەستدا.

ئازاد ڕۆستەم، لێپرسراوی کۆمیتەی داقووق-ی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند:" پێشمەرگەیەک بەناوی شێرزاد محەمەد ئەمین، کە سەر بە لیوای ۱٦یە، ئەو پێشمەرگەیە دانشتوی شاری کەرکوک-ە، بەمەبەستی سەردان هاتووەتە ماڵی باوکی، دواتر دەچێتە حەوشەی ماڵەکە و دەدرێتە بەر دەستڕێژی گولە و بریندار دەبێت، بەڵام دوای چەند خولەکێک بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەسدا".

ووتیشی:" دیار نییە کە کێ دەسڕێژی گولەی لەو پێشمەرگەیە کردووە، هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی چوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان لە ڕووداوەکە دەستپێکردووە".

گوندەکانی حەفتەغار و ئاوای مەنسور و دارا، لە سنوری شارۆچکەی داقووق، بە بەردەوام  ڕووبەڕووی مەترسی چەتەکانی داعش دەبنەوە، ناو بەناو چەتەکان بەشێوەی گرووپ گرووپ نزیک دەبنەوە لەو گوندانەوە، لە سنوری ئەو گوندانەش چەندین جار داعش ویستی هێرشکردنی هەبووە.

د.ع