ئەو سیخوڕ و بەرپرسانەی میتی تورک کە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاوە دەستگیرکراون، دانیان بەوەدا ناوە کە میتی تورک ئەوانی ئەرکدارکردووە بۆ دروستکردنی پشێویی و تیرۆرکردن.
ئاژانسی هەواڵی فورات دانپێدانانی چەند بەرپرس و سیخوڕێکی میتی تورکی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بڵاوکردووەتەوە، کە لە ناوچەکانی دربەسێ و ڕەقە سیخوڕییان بۆ میتی تورک کردووە و لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆوە دەستگیرکراون.
ئەو تۆڕە سیخوڕییەی ئاشکراکراون ناوەکانیان بەمێشوەیە؛ ڕامی سامی عەبدال، بەرپرسی میتی تورک لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و هەریەک لە داڤوو باس، حەسەن عەلی، حسێن عەلی و لەیس ئەنەس، خەڵکی ناوچەکانی سەرێکانی و دربەسێ و ڕەقەن.
وەک ئەو سیخوڕانە دانیان پێداناوە، لەگەڵ چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورک پەیوەندییان دروستکردووە و زانیارییان لەسەر خاڵە سەربازییەکانی ڕۆژئاوا و بەرپرسانی سەربازیی و سیاسیی ڕۆژئاوا بردووە بۆ میت.
دانیان بەوەشدا ناوە، کە چەندین جار وێنەی ئۆتۆمبێلی سەربازیی و ئۆتۆمبێلی بەرپرسانیان ناردووە بۆ میتی تورک و جگەلەوەش میت داوای لێکردوون بەرپرسانی ڕۆژئاوای کوردستان تیرۆر بکەن یان مین بخەنە ژێر ئۆتۆمبێلەکانیانەوە.
ئاژانسی هەواڵی فورات ئاشکرایکردووە، میتی تورک لە شرناخەوە بۆ دیلۆک لە باکووری کوردستان ناوەندێکی هەماهەنگی تایبەتی بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی هەواڵگریی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دامەزراندووە.
ب.ل