دانیشتنەکەی پەرلەمان و پێشێلکارییە یاساییەکانی

پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، کە بە گەورەترین دەسەڵاتی یاسادانان دادەنرێت، هەر لە دەستپێکی ئەم خولەدا چەندین پێشێلکاریی یاسایی ئەنجامداوە، بەتایبەت هێشتنەوەی دانیشتنی یەکەم بە کراوەیی بۆ ماوەی ١١٢ ڕۆژ و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی بەشێوەیەکی کاتیی.


١٨ی ئەم مانگە، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە بارودۆخێکی بارگاویی بە ناکۆکیی سیاسیی، دانیشتنێکی ئەنجامدا و تێیدا دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی بەشێوەیەکی کاتیی هەڵبژارد، فراکسیۆنی یەکێتیش بەهۆی ڕێکنەکەوتنیان لەگەڵ پارتی، ئامادەنەبوون بەشداریی لە دانیشتنەکەدا بکەن، دکتۆر شۆڕش حەسەن، مامۆستای یاسای دەستووریی لە زانکۆی سلێمانی، باس لەو پێشێلکارییە یاساییانە دەکات، کە ئەم خولەی پەرلەمان ئەنجامی داوە.

د.شۆڕش بەکراوەیی هێشتنەوەی دانیشتنی پەرلەمان بۆ ماوەی ١١٢ ڕۆژ بە گوێنەدان بە بنەماکانی دیموکراسیی و ئیرادەی خەڵک ناودەبات و دەڵێت: دەبوو لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمان دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرایە، دواخستنی دانیشتنی پەرلەمان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی بۆ یەکلاکردنەوەی بابەتەکانە بۆ ژوورە تاریکەکان، دوورە لە بنەما دیموکراتییەکان.

ناوبراو، باس لەوەش دەکات، کە دواخستنی دانیشتنی پەرلەمان نایاساییە و هیچ بارودۆخێکی نائاسایی نەبووە لە وڵاتدا کە ئەو دانیشتنە بۆ ئەو ماوە زۆرە دوابخرێت، "دۆخەکە ئاسایی بوو، دەتوانرا لە دانیشتنی یەکەم دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرایە، چونکە پێویست ئەوەیە کە بەزوویی حکومەت پێکبهێندرێت و خزمەتی خەڵک بکات، پەرلەمان بۆ دروستکردنی دامەزراوەکان هەڵبژێردراوە، کەواتە دەبێت ڕۆژێک زووتر لە هەوڵی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەماندا بیت و لیژنەکان پێکبهێندرێت و حکومەت پێکبهێندرێت و پەرلەمان متمانەی پێبدات، چونکە ئەم حکومەتە کاربەڕێکەرە و دەسەڵاتی زۆر شتی نییە".

سەبارەت بەوەی کە ئایا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی پەرلەمان تا چەند یاسایی بوو، ئەو پسپۆڕە یاساییە دەڵێت: بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کە دەڵێت، لە یەکەم دانیشتندا دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت بۆ ماوەی چوار ساڵ، نەک ئەمڕۆ سەرۆک هەڵبژێری و سبەینێ بینێرینە ماڵەوە و شوێنەکەی بۆ کەسێکی دیکە چۆڵ بکات، ئەمە تەنها حسابکردنە بۆ ڕێککەوتنە سیاسییەکان و پشتگوێخستنی ئیرادەی نوێنەرانی گەلە.

بەبڕوای د.شۆڕش حەسەن، یاساکانی پەرلەمان لاستیکیی نین، بەڵام کۆی یاسا خراوەتە ژێرپێ، وتیشی: ڕاستە لایەنە سیاسییەکان ئەم پێشێلکارییە یاساییانە ئەنجام دەدەن، بەڵام دەبێت پەرلەمان وەک نوێنەری خەڵک ئەم نایاساییانە قبوڵ نەکات، بەڵام پەرلەمانیش ئەوەندە لە خەمی بەرژەوەندییەکانی لایەنە سیاسییەکانە، ئەوندە لە خەمی بەرژەوەندییەکانی خەڵکدا نییە.

س.ح