بانگەشەکانی هەڵبژاردنی شێخ سەمیر دەروێش کاندیدی پادێ بەردەوامە لەو چوارچێوەشدا سەردانی کۆمەڵگای دوهلا و مەزارگەی پیری ئەوارەی کرد و هاوڵاتییانی ئەو کۆمەڵگایەش پێشوازییەکی گەرمیان لێکرد و داوایان لە هەموو ئێزدییەکان کرد، لەپێناو پاراستنی ئێزدخاندا دەنگ بەو کاندیدەی پادێ بدەن.
لە ڕۆژى ١٠ ى مانگى داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانى عێراق بەرێوەدەچێت و لەوبارەیەشەوە بانگەشەی هەڵبژاردنى شێخ سەمیر دەروێش کاندیدی پادێ بەردەوامە، بۆ ئەو مەبەستەش ئەو کاندیدە سەردانى کۆمەڵگای دوهلا و مەزارگەی پیری ئەوارەی کرد .
ئەمین یوسف، هاوڵاتییەکی سنوورەکەیە و بە ڕۆژنیوزى ڕاگەیاند، پادێ هەر لە سەرەتاوە سەرەڕای هەموو فشارەکان، بەڵام دیسان بێ هیچ چاوەڕوانییەک و تەنها لەپێناو مافی ئێزدییەکاندا تێکۆشانی کردووە و پادێ بۆ ڕزگارکردنی دیلەکانی دەستی چەتەکانی داعش خەباتێکی زۆری کردووە، بۆ ڕزگارکردنی شەنگالیش شەهیدێکی زۆری بەخشیوە.
ئەو هاوڵاتیە، وتیشى: سەمیر دەروێش کاندیدی پادێ کەسایەتییەکی خۆشەویستی ئێزدییە، خاوەن ڕەنج و خەباتێکی زۆرە و پێویستە ئێزدییەکان دەنگی خۆیان بەو کاندیدە ببەخشن.
هەروەها، قاسم شەنگالی ڕایگەیاند، پادێ لەناو هەلومەرجێکی دژواردا دامەزرا، بە خوێنی شەهیدان دروستبووە و پارێزگاریی لە مافەکانی ئێزدییەکان کردووە.
ئەو هاوڵایتە ئەوەشى خستەڕوو، پێویستە ئێزدییەکان ئەوەیان لەبیریان بێت و خاکی خۆیان بپارێزن، پێویستە ئێزدییەکان بۆ پاراستنی هەبوونی خۆیان دەنگ بە پادێ بدەن.
جێگەى ئاماژەیە، لە پاش ساڵى ٢٠٠٥ ەوە هەتا ئێستا ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق چوار هەڵبژاردنى پەرلەمانىی ئەنجامداوە، کە بەمشێوەیەن لە ساڵەکانى ٢٠٠٥ و ٢٠١٠ و ٢٠١٤ و ٢٠١٨ دا بەڕێوەچوون و ئەم هەڵبژاردنەى مانگى ١٠ ى ئەمساڵ دەبێتە پێنجەم هەڵبژاردن کە بریارە ئەنجام بدرێت.
ئ.م