دانیشتوانی ۱۷ گوند بەهۆی بێ كارەباییەوە گردبوونەوە

دانیشتوانی ۱۷ گوندی سەر بە شارەدێی سەركەپكان، بەهۆی گرفتی كەمی كارەبای نیشتمانییەوە گردبوونەوە، حکومەتیش داوا دەکات هاوڵاتیان هاوکارییان بکەن.


بەیانی ئەمڕۆ دانیشتوانی ۱۷ گوند لە سنوری شارەدێی سەركەپكانی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین، بەهۆی گرفتی كەمی كارەبای نیشتمانیەوە لەسەر ڕێگای گشتی گوندەكانیان گردبوونەوە.

هاوكار پڵینگانی، یەكێك لە بەشداربووانی گردبونەوەكە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: تا ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان بە جدی بیری لە گرفت و كێشەی كارەبا نەكردۆتەوە.

وتیشی: لەگەڵ ئەوەی لە سنووری گوندەكانی ئێمە سەرە محاویلە هەیە، بەڵام لەسەرەكەدا جیاوازی لە نێوان هەندێك شوێندا دەكرێت، بۆ نموونە لە بەشێك لە گەڕەكەكانی شارەدێی سەركەپكاندا زۆرترین كات كارەبای نیشتمانی هەیە، لایەنی پەیوەندیداریش تەنها قسەیان هەیە تا ئێستا هەنگاوی باشتركردنی كارەبایان جێبەجێ نەكردوە.

لەسەر داوای هاوڵاتیان، ئازاد وسوو، بەڕێوەبەری شارەدێی سەركەپكان، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: لە وەرزی زستاندا بە هۆی بەكارهێنان و خواستی زۆر لە سەر كارەبای نیشتمانی لۆدێكی زۆر لە سەر كارەبای سنوورەكە هەیە، بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی كارەبای سەركەپكان هەفتەی ٦ ڕۆژ لە كاتژمێر ۱۲ی نیوەڕۆ تا ۱۲ی شەو كارەبا دەدرێت بە گوندەكانی شارەدێی سەركەپكان و تەنها ڕۆژێك لەهەفتەیەكدا كارەبایان پێنادرێت، لە ئێستاشدا بەدواداچوون دەكەین بۆ گرفتەكەیان.

بەڕێوەبەری شارەدێی سەركەپكان، دەشڵێت: پرۆژیەكمان بەبڕی ١٨٠ ملیۆن دینار پێشكەش كردووە و لەو ڕۆژانەدا دەخرێتە بواری جێبەجێ كردنەوە و فیدەرەكانی كارەبای ناو شار و گوندەكان لە یەكتری جیا دەكرێنەوە، داواش لە هاوڵاتیان دەكەین تا جێبەجێكردنی ئەو پرۆژەیە هاوكاری لایەنەكانی پەیوەندیداربن.

ك.س