دانیشتوانی كۆیە نیگەرانن لەوەی لە ڕووی خزمەتگوزاریی و پرۆژەی ستراتیژییەوە پەراوێزخراون و دەڵێن: كەوتوینەتە نێوان بەرداشی پارتی و یەكێتییەوە و بوین بە قوربانی ململانێی ئەو دوو حزبە و قایمقامی شارۆچكەكەش ڕەتیدەكاتەوە، كە كۆیە خزمەت نەكرابێت.
شارۆچكەی كۆیە، لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای هەولێرە و لە ڕووی سیاسییەوە لە ژێر قەڵەمڕەویی یەنەكەدایە، ئەمەش وایكردووە بێبەشبێت لە خزمەتگوزاریی، بەوپێیەی یەنەكە ئیدارەی هەولێر بە بەرپرس دەزانێت و ئەوانیش بەرپرسیارێتی گەیاندنی خزمەتگوزاریی دەخەنە ئەستۆی یەنەكە، بەمشێوەیە ئەو شارۆچكەیە كەوتووەتە نێوان بەرداشی دەسەڵاتی ئیداری پەدەكە و دەسەڵاتی سیاسی یەنەكە.
لە تازەترین نیشانەی پەراوێزخستنیدا، تا ئێستا بەنزینی ٨٠٠ دیناریی پێنەگەیشتووە، لەكاتێكدا لە ١٦ی حوزەیرانەوە بەنزینی ٨٠٠ دیناریی لە هەولێر دابەشدەكرێت، هەروەها ماوەی دوو مانگیشە یەك جار بەنزینی ٦٩٠ دیناری بۆ نێردراوە، ئەمەش شۆفێران و هاوڵاتیانی شارەكەی زیاتر توڕە و نیگەران كردووە.
كاوە سابیر، شۆفێری تاكسیە و بژێویی لەسەر ئەو تاكسیەیە و دەڵێت: بەنزینەكە زۆر گرانە و كوالێتی زۆر خراپە و ڕۆژانە چەند پەیدا دەكەم دەبێت زیاتر بە بەنزین بدەین، بۆیە ژیانمان قورس بووە، چونكە هیچ سەرچاوەیەكی داهاتی ترم نییە.

دەشڵێت: ئێستا لە هەولێر بەنزینی ٨٠٠ و ٦٩٠ دیناریی دەدرێت، بەڵام بۆ كۆیە نەهاتووە، ئەمەش وایكردووە نرخەكەی هەر بە بەرزیی بمێنێتەوە.
باسی لەوەش کرد، ئەگەر ڕۆژانە بڕێكی زۆر بەنزینی حكومەت بۆ كۆیە بنێردرێت ئەوا شۆفێران سودی لێ وەردەگرن و نرخەكانیش دادەبەزێت، بەڵام كۆیە بۆتە قوربانی دوو ئیدارەی ئێمە ئەو جیاوازیانە دەبینین كە بەرامبەر بەشارەكە دەكرێت لە لایەن هەولێرەوە.
محەمەد مەولود، یەكێكی ترە لە شۆفێری تاكسی و وتی: ئێمەی شۆفێران لە كۆیە زۆر ناڕازین لە نرخی بەنزین و كوالێتیەیكەشی، بەهۆی ئەو گرانیەوە كاری ئێمە زۆر كەمی كردووە، گەر پێشتر ڕۆژانە ١٠ داخلیم كردبێت ئەوا ئێستا پێنچ داخیلی ئەكەم، چونكە بەنزینەكە زۆر گرانە ناچارین ئێمەش لەسەر هاوڵاتی گران بكەین، بەڵام گەر ئەو بەنزینە نرخی هەرزان بێ یان ئەوەی ئێستا لە هەولێر دابەش دەكرێت بۆ كۆیەش بهاتایە ئەوا بۆ ئێمە و سەرنشینانیش باشتر دەبوو.

ئاماژە بەوەش دەكات، كۆیە بووەتە قوربانیی سیاسیی و ئیداریی، چونكە كەوتووەتە نێوان دوو بەرداشەوە و بە هەردوكیان دەیهاڕن، كۆیە لە ڕووی سیاسیەوە سەر بە سلێمانیە و لە بواری ئیداریشەوە سەر بەهەولێرە بۆیە هیچیان گرنگی بەو شارە نادەن.
هەرچەندە هاوڵاتیان نایشارنەوە، كە شارەكەیان لەبەر ململانێی نێوان یەنەكە و پەدەكە باجی زۆری داوە و هیچی بۆ نەكراوە، بەڵام تاریق حەیدەری، قایمقامی كۆیە دەڵێت: هیچ غەدرێك لە كۆیە نەكراوە و بەگوێرەی بەركەوتەی خۆی ئیشی بۆكراوە.

لەبارەی نەبوونی بەنزینی ٨٠٠ دیناری لە كۆیە وتی: لەهەوڵداین وەكو هەموو قەزاكانی تر بەشی كۆیەش بنێردرێت و هەر ڕۆژە لە وێستگەیەك دابەش بكرێت، پێشتر بەشی كۆیە لە ١٠ تەنكەر سوتەمەنی تانكەرێك بۆ كۆیە هاتووە، ئێستا بەڵێنیان پێداوین لە حەوت تەنكەر سوتەمەنی تەنكەرێك بۆ كۆیە بنێردرێت.
سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی پڕۆژەی خزمەت گوزاریی لە شارەكە قایمقامی كۆیە باس لەوە دەكات، ئەوان ئەركی خۆیان جێبەجێ كردووە، بەڵام چاوەڕێی بریاری حكومەت دەكەن تا بودجەی پێویست بۆ بەگەرخستنەوەی پڕۆژەكانی كۆیە دابین بكات، بەڵام تائێستا نەیكردووە .
س.س