ڕۆژنیوز – محەمەد حەسەن
دانیشتووانی چەند گوندێکی سنووری شارۆچکەی ڕانیە، بەهۆی ئەوەی حکومەتی هەرێم خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیان بۆ دابینناکات، ساڵانە خۆیان بە پاچ و خاکەناز و گڵ، ڕێگای گوندەکەیان نۆژەن دەکەنەوە، دانیشتوانی ئەو گوندانە دەڵێن: ئەرکی حکومەتە ئاوڕ لەم گوندانە بداتەوە.
چەند گەنجێکی گوندەکانی خەزێنە، مەحباب و دەرئەشکەوت، لە سنووری دۆڵە ڕەقەی سەر بە شارەدێی سەرکەپکانی شارۆچکەی ڕانیە، بە خاکەناز و پاچ خەریکی پڕکردنەوەی چاڵ و نۆژەنکردنەوەی ڕێگای گوندەکەیانن، ئەم سێ گوندە نزیکەی ٤۰ کیلۆمەتر لە سەنتەری شارۆچکەی ڕانیەوە دوورە، ساڵانی ڕابردوو ڕێگاکە لە لایەن کۆمپانیایەک قیر و کۆنکرێتی بۆ کراوە، بەڵام ڕێگا قیرەکە بە تەواوی نەگەیشتووەتە ناو گوندەکان بۆیە لە کاتی باران بارین ئاستەنگی بۆ هاتووچۆ دروست دەبێت.
سیڤەر ئەحمەد، دانیشتوی گوندی خەزێنەیە سەبارەت بە نۆژەنکردنەوەی ڕێگای گوندکانیان دەڵێت: ئێستا وەرزی بارینی باران و بەفرە و ڕێگای گوندەکەمان هەوراز و سەختە و لۆفەی زۆرن، ئەرکی حکومەتە ئاورێک لەم گوندانە بداتەوە و ساڵانە ڕێگاکە نۆژەن بکاتەوە و چاڵ و چۆڵی ڕێگاکان چاک بکات، بەڵام بەداخەوە ئەم گوندانەی ئێمە هیچ ئاوڕێکیان لێنادرێتەوە.
سیڤەر دەشڵێت: ئێمە وەک گەنجانی ئەم سێ گوندە هەموو ساڵێک لەم وەرزەدا بە بێڵ و پاچ هەڵدەستین بە نۆژەنکردنەوەی ڕێگاکە و تەواوی چاڵ و چۆڵی ڕێگاکە پڕ دەکەینەوە بۆ ئەوەی ئاستەنگی بۆ هاتووچۆکردنی ئۆتۆمبێلەکانمان دروست نەبێت، گوندەکانی ئێمە دڵگیر و خۆشن ئەگەر حکومەت ئاوڕ لە گوندەکان بداتەوە بێگومان دەتوانرێت بە مەبەستی گەشتوگوزاریش سوودی لێ ببینین.
ئەگەرچی ساڵانە ئەرکی حکومەتە ڕێگای سەرجەم گوندەکان لە وەرزی پایزدا نۆژەن بکاتەوە، بەڵام دانیشتووانی گوندەکانی خەزێنە، مەحباب و دەرئەشکەوت، لەگەڵ ئەوەی کارەکەیان زەحمەتە، بەڵام ناچارن خۆیان لەبری حکومەت ئەو کارە بکەن، لەو بارەیەوە حەمەد خەزێنەیی، دانیشتووی گوندی خەزێنە، دەڵێت: چاککردنی ڕێگاکان ئیشی حکومەتە، چاککردنی ڕێگا کوا بەدەستان دەکرێت و کاری بێڵ و پاچە، مەبەستی حکومەت ئەوەیە گوندەکان چۆڵ بکەین بۆیە هیچ ئاوڕێک لە گوندەکان نادرێتەوە.

لەماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردووی حکومڕانی، حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەوەی نەیتوانییوە ڕێگای گوند و شارۆچکەکان قیر بکات، تەنانەت نەیتوانیوە، ئەو ڕێگا قوڕەی کە گوندەکان خۆیان هەیانە و ساڵانە لەوەرزی زستان و بارابباریندا تیکدەچێت، چاکیان بکاتەوە و خزمەتگوزاریی سەرەتایی بۆ گوندنشینان دابینبکات.
ک.س