پێنجشەممە, 12 أبر 2018 – 12:53
ڕۆژنیوز – بڕیار محەمەد
لە شاری هەولێر یادی ئەنفال کرایەوە و داوا کرا، کە حکومەتی هەرێم ڕێگا لە دەربازبوونی تاوانبارانی ئەنفال بگرێت.
ئەمڕ ژمارەیەک لە چالاکوان، ڕۆژنامەنووس و نوێنەری ڕێکخراوەکانی تایبەت بە ئەنفال لەبەردەم وەزارەتی داد-ی حوکمەتی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر گردبوونەوە.
گردبوونەوەکە بە ئامانجی بیرهێنانەوەی ئەنفالکراوان و ئەو تاوانە گەورەیەبوو، کە لە ساڵی ١٩٨٨ ڕژێمی بەعسی لەناوچوو دژ بە گەلی باشوری کوردستان ئەنجامیدا.
لە گردبوونەوەکەدا، عەلی مەحمود، رێکخەری چالاکییەکە بەیاننامەیەکی خوێندەوە، کە تیایدا هاتبوو: لەو کاتەدا دادگایەکی نێودەوڵەتیی نەبوو تا ڕێگربێت لە ئەنجامدانی ئەو تاوانە مەزنەی ڕژێمی بەعس ئەنجامیاد.
ئەوەش هاتبوو: پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئەندامبوونی عێراق بکاتە خاڵی داواکارییەکانی، بۆئەوەی تاوانبارانی ئەنفال دادگایی بکرێن.
هەروەها، داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرابوو، کە ڕێگریی بکات لە هەڵهاتن و دەربازربوونی تاوانبارانی ئەنفال.
١٤/نیسانی هەموو ساڵێک یادی ئەنفال دەکرێتەوە، کە بە هەشت قۆناغ لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە ئەنجامدرا و تیایدا ١٨٢ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا.
ش.ف