داوای دەرکردنی سوپای تورك لە باشوری كوردستان و بایکۆتی کاڵای تورکی دەکرێت

لە دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە باشور و ڕۆژئاوای کوردستان، مامۆستایانی زانكۆ و خوێندكاران داوای كردنە دەرەوەی سوپای توركیا دەكەن لە باشوری کوردستان، هاوکات وەك ئەركێكی نیشتیمانیش داوای بایكۆتكردنی كاڵای توركی دەكەن.


لەسەر داگیركارییەكانی دەوڵەتی تورك بۆسەر خاكی ڕۆژئاوای كوردستان، مامۆستایان و خوێندكارانی كۆلێژی پەروەردەی سەیدسادق قسەیان بۆ ڕۆژنیوز كرد.

دكتۆر سەلام عەبدولكەریم مامۆستای زانكۆ وتی: ئامانجی توركیا لەو هێرشانەی بۆسەر خاكی ڕۆژئاوای كوردستان قبوڵنەكردنی مافی ڕەوای نەتەوەكانە، هەموو ئەو بۆردوومانانەی توركیا دەیكات دەچێتە چوار چێوەی جینۆسایدو كوشتن و قڕكردنەوە.

ئەو مامۆستایە بە پێویستی دەزانێت لەبەرامبەر هێرشەکان، پەرلەمانی هەرێم و پەرلەمانی عیراق لە ڕێگەی یاساوە هێزەکانی دەوڵەتی تورک لە خاکی باشوری کوردستان-یش بکاتە دەرەوە.

سەلام عەبدولکەریم ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە ناتوانین بچێنە ڕۆژئاوا هاوکارییان بکەین، بەڵام دەتوانین لێرە وەک هەڵوێستێکی نیشتیمانی کالای تورکی بایکۆت بکەین و نەکڕین.

هاوكات ئوسامە عومەر خوێندنكاری زانكۆ دەڵێت: زوڵمكردن لە كورد قوڵاییەكی مێژووی هەیە، وەك تاكی كورد پێویستە لەسەرمان ئەو ڕەوشە ئیدانە بكەین، چونكە ڕەوشەكە دەخوازێت هەڵوێستی جدیمان هەبێت لەسەری.

وتیشی: ئەو زوڵمەی ئێستا بەرامبەر بەمیللەتەكەمان دەكرێت لەژێر پەردەی ئاینی ئیسلامدا، بەهیچ جۆرێك ئاینی ئیسلام ئەوەی قبوڵ نیە.

سەبارەت بەكردنە دەرەوەی سوپای تورك لەناو خاكی باشوری كوردستان، ئەو خوێندکارە، وتی: كردنە دەرەوەی سوپای توركیا لە خاكی باشوری كوردستان لەهەموو قۆناغێكدا بەرامبەر نەتەوەو خاكەكەت هەمویان هەڵوێستێكن جێیگەی بایەخە، ئەركی حكومەتە ئەو كارە جێبەجێبكەن بۆ كردنە دەرەوەی سوپای تورك.

س.ح