داوای سنوردارکردنی دەستی کاری بیانی دەکرێت

ڕێکخراوی ڕۆشنبیری و داکۆکی لە کرێکارانی بیانی، داوا دەکات، دەستیی کاری بیانی سنوردار بکرێت و هەر پرۆژەیەکیش ٨٠٪ی لە کرێکارانی خۆماڵی پێکبێت.


پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ڕێکخراوی ڕۆشنبیری و داکۆکی لە کرێکارانی بیانی، لە ناوەندی سەرەکی ڕێکخراوەکە لە سلێمانی، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی لەسەر ڕەوشی کرێکارانی بیانی ئەنجامدا.

محەمەد هەژار، سەرۆکی ڕێکخراوی ڕۆشنبیری و داکۆکی لە کرێکارانی بیانی لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا وتی: بەداخەوە ساڵ لە دوای ساڵ باری ئابوری و بژێوی کرێکارانی بیانی خراپتر دەبێت و چەندین کێشە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، وەکو لێسەندنی پاسپۆرت، لێدان، بەندکردن، سووکایەتیپێکردن و هاوکات گروپێک دروست بوە، کە پارە لە کرێکاران وەردەگرن.

ڕاشیگەیاند: لە ساڵی ۲۰۱۸دا ۲۰۰ کێشەی جۆراوجۆری کرێکارانی بیانی هەبووە، بەڵام جگە لە دوو کێشە، ئەوانی دیکە هەموویان چارەسەر کراون.

ئەوەشی خستەڕوو: لە ٢٠١٨دا فرۆشتنی ٢٨ کرێکاری بیانی هەبووە، کە ١٦ پیاو و ١٢ ژن بوون، هەر ١٢ ژنەکە ڕزگار کراون و بە هاوکاری بەڕێوبەرایەتی نشینگەی هەولێر گەڕێندراونەتەوە وڵاتی خۆیان.

محەمەد هەژار باسی چارەنوسی ١٦ پیاوەکەی نەکرد.

ئەوەشی وت: کە هەر لە ٢٠١٨دا  دوو حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر کرێکارانی بیانی هەبووە.

سەرۆکی ڕێکخراوی ڕۆشنبیری و داکۆکی لە کرێکارانی بیانی داوای سنوردارکردنی هێنانی دەستی کاری بیانی و دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەکی گونجاوی کرد، داواشی کرد، هەر پرۆژەیەک کە هەیە دەبێت ٨٠٪ی لە دەستی کرێکاری خۆماڵی بێت.

بە پێی ئامارەکەی ڕێکخراوی ڕۆشنبیری و داکۆکی لە کرێکارانی بیانی، لە ئێستادا زیاترلە ۲۲ هەزار کرێکار بیانی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن.

 

ک.ک