داوای فراوانترکردنی بایکۆتی کاڵای تورکی دەکرێت

هاوڵاتیان لە گەرمیان بەردەامیی هەڵمەتی بایکۆتی کاڵای تورکی بە گرنگ دەزانن، داواش دەکەن کە هەڵمەتەکە لە ناوەندەکانی خوێندن و زانکۆکاندا پەرەی پێبدرێت، هەروەها داوای بوژانەوەی بەرهەمی ناوخۆیی دەکەن.


بایكۆتكردنی كاڵای توركی له‌ بازاڕه‌كانی باشوری کوردستان لەلایه‌ن هاوڵاتیانەوە‌ به‌رده‌وامی هه‌یه، هه‌روها له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و بایكۆته‌، بایه‌خ به‌ بوژانه‌وه‌ی به‌رهه‌می ناوخۆی ده‌درێت و هه‌وڵده‌درێت وه‌ك جێگره‌وه‌یه‌ك بۆ بایكۆتی كاڵای توركی به‌كار بهێنرێت، لەو چوارچێوەیەدا هاوڵاتیانی گەرمیان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن و داوای فراوانترکردنی هەڵمەتەکە دەکەن.

دلێر كه‌ریم، سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌یی ناوه‌ندی، دەڵێت: دوای بایكۆتكردنی شتومه‌ك و كاڵای تورکی، پێویسته‌ شۆڕببێتەوە بۆ هەموو بەشەکانی وەک جلوبەرگ و کەرەستەی ناوماڵ و خانووبەرە، هاوکات بایکۆتی فیلم و ستایلی تورکی، کە مەترسییەکی گەورەیە لەسەر كلتوری گه‌له‌كه‌مان.

دلێر كه‌ریم، بەپێویستی دەزانێت، کە لە هەموو ئاستەکاندا بەروبوومی خۆماڵی ببوژێنرێتەوە، دەشڵێت: گرنگە کۆڕو سیمینار و دیبەیتی لەسەر بکرێت، لەناوەندەکانی خوێندن و زانکۆکاندا بخوێندرێ و بکرێتە چەکێکی ناتوندوتیژی دژی ناحەزانمان".

هەروەها یاسین ئاشوور، مامۆستا له‌ زانكۆی گه‌رمیان، لەسەر هەڵمەتی بایکۆت و بەدەمەوەچونی هاوڵاتیان بۆ هەڵمەتەکە، وەها دووا: بێگومان كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر ئابوری ئه‌و وڵاته‌ داناوه‌، چونكه‌ شمه‌ك و كاڵاكانی بۆ بازاڕه‌كانی هه‌رێم زۆر زۆره‌، ئه‌م ئیراده‌یه‌ خه‌باتێكی مه‌ده‌نی و مافێكی سروشتییه‌، ناڕه‌زایی و توڕه‌یی كورده‌، به‌رامبه‌ر به‌ ده‌وڵه‌تی توركی فاشیست.

 یاسین ئاشوور، وتیشی: بایكۆتكردنی كاڵای توركی چه‌ندە په‌یوه‌ندی به‌ هاوڵاتیانه‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ش په‌بوه‌ندی به‌ بازرگانه‌كان و سیاسیه‌تی حكومه‌ته‌وه‌ هه‌یه،‌ كه‌ ده‌رفه‌ت و ده‌روازه‌ی دیكه‌ی بازرگانی بدۆزیته‌وه‌ و ڕێڕه‌وی بازرگانی دیكه‌ ده‌ست بخه‌ن بۆ هێنانی كاڵا و شمه‌كی وڵاتانی دیكه‌، یان به‌رهه‌می ناوخۆی به‌گڕ بخرێته‌وه‌ و بایه‌خی به‌رچاوی پێبدرێت، بەمە دەشتوانرێت ئابوری باشور به‌هێز بكرێت.

س.ح