داوای گەڕانەوەی منداڵە ونبووەکان دەکرێت

ڕێکخراوێک داوا لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەکات، کە هاوکاریان بێت لە دۆزینەوە و گەڕانەوەی منداڵە ونبووەکان باشوری کوردستان-دا.


ئەمڕۆ، ڕیکخراوی منداڵانی ونبوو سەردانی نووسینگەی سلێمانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان-یان کرد و دواتریش کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان ئەنجامدا.

لە کۆنگرەکەدا، ماردین مەحمود، سەرۆکی ڕێکخراوی منداڵە ونبووەکان، کە خۆی منداڵێکی ونبوی هەڵەبجەیە هۆکاری سەردانەکەیانی روونکردەوە و وتی: داواکاریی ئێمە ئەوەیە کەیسەکان بە جینۆ ساید بناسێندرێن و پەرلەمان هاوکارییمان بکات بۆ دۆزینەوەی منداڵە ونبووەکان و گەڕاندنەوەیان بۆ باوەشی خانەوادەکانیان.

ماردین، بە ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان-ی زانی، کە لەگەڵ حکومەتی ئێران کۆببێتەوە و کاربکەن بۆ ئەوی گەڕاندنەوەی ئەو منداڵانەی لەکاتی کۆڕەو و کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا لە ئێران بەجێماون.

لە بەرامبەردا، شێرکۆ حمەئەمین، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان وتی: ئێمە کۆمەڵێک منداڵی ونبوومان هەیە بەتایبەت لە کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، شەنگال و کۆڕەو، بۆیە  بەناوی نووسینگەی سلێمانییەوە تەواو پشتگیریی ئەو ڕێکخراوە دەکەین.

شێرکۆ حەمەئەمین، بەپێویستی دەزانێت، کە کار بکرێت بۆ گەڕاندنەوەی منداڵە ونبووەکان و دابینکردنی هەموو پێداویستییەکی ژیانیان  لەکاتی گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان.

 

ش.ف