داوا دەکرێت بارەگاكان دانەخرێن و حكومەتێكی كارا و خزمەتگوزار پێكبێت

چالاكوانانی (دەنگی شەقام) دژی داخستنی بارەگای هەر لایەنێكن كە بەفەرمی ڕێگەی كاركردنی پێدرابێت، داواشدەكەن حكومەتێكی كارا و خزمەتگوزار پێكبهێندرێت.


ئەمڕۆ لە پاركی نالی لە سلێمانی، چالاكوانانی (دەنگی شەقام)، لەبارەی زیادبوونی ڕووداوەكانی تەقەكردن و برینداركردن و كوشتن، هەروەها داخستنی بارەگاكانی تەڤگەری ئازادیی، ڕاگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەكەی چالاكوانانی (دەنگی شەقام)دا، کە لەلایەن ئومێد محەمەد-ەوە خوێندرایەوە هاتووە:"لەماوەی ڕابردوودا چەندین ڕووداوی نەخوازراوی وەك تەقەكردن و برینداركردن و كوشتن و داخستنی بارەگا ڕوویاندا، بێهەڵوێستی و بەرژەوەندخوازیی دەسەڵات وایانكردووە ڕووداوەكان زیاتر بن".

چالاكوانانی (دەنگی شەقام) ئیدانەی هەر جۆرە دەستدرێژییەكیش دەكەن كە ببێتە هۆی كوشتن و برینداركردنی كەسایەتیی چین و توێژە جیاوازەكان، بۆیە داوای سنوورداركردنی دیاردەی چەكداریی دەكەن.

لەبارەی داخستنی بارەگاكانی تەڤگەری ئازادییەوە، ڕاگەیەندراوەكە داخستنی بارەگای هەر لایەنێك كە بە فەرمی ڕێگەیپێدراوە، بە ئاماژەیەكی مەترسیدار بۆ بەرتەسككردنەوەی ئازادی و تێكدانی یەكڕیزیی نیشتمانی وەسفدەكات.

چالاكوانانی (دەنگی شەقام) داواشدەكەن حكومەتێكی كارا و خزمەتگوزار پێكبهێندرێت و پۆستەكان لەسەر بنەمای شیاوی و پسپۆڕی دابەشبكرێن، پەرلەمانی هەرێمی كوردستانیش وەكو مەرجەعی خەڵكی كوردستان وەسفدەكەن، داوا دەكەن شكۆی پارێزراو بێت و سەرجەم پرسە گشتییەكان لە پەرلەمانەوە بڕیاریان لەبارەوە بدرێت.

هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا چەند داواكارییەكی تایبەت بە مووچە و خزمەتگوزارییەكان هاتوون، لەوانە، داوای لابردنی سیستمی پاشەكەوتی مووچە و پێدانەوەی مووچە پاشەكەوتكراوەكان كراوە، هەروەها داوای ئاورَدانەوە لە ژیانی كەمئەندامان و خوێندكاران كراوە بۆ دابینكردنی ژیانێكی شایستە بۆیان، ئەمە جگە لە داوای دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر هاوڵاتیاندا.

چالاكوانانی (دەنگی شەقام) لەكۆتاییدا داوایان كردووە، بكوژانی ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمی كوردستان بە سزای یاسایی خۆیان بگەن.

ش.ف