سێشەممە, 17 يول 2018 – 15:35 ڕۆژنیوز – هەڵەبجە
ئەمڕۆ لە بەردەم مۆنۆمێنتی یادگاری هەڵەبجە، كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە كەسوكاری قوربانیانی كیمیاباران و چالاكوانانی كۆمەڵگەی مەدەنی، یادی ٢٠ ساڵەی بڕیاری پێكهێنانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی كردەوە.
حیكمەت فایەق، ئەندامی باڵای كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە بەیاننامەیەكی خوێندەوە كە تیایدا هاتبوو: بۆ ئەوەی جارێكی تر جینۆساید دووبارە نەبێتەوە پێویستە عێراق بۆ دڵنیاكردنەوەی خەڵكی كوردستان و كەمایەتی ئایینی و مەزهەبییەكانی ئەم وڵاتە بە پەیماننامەی ڕۆماوە پەیوەست بێت و ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی.
لە بەشێكی تری بەیاننامەكەدا هاتووە: ئەمڕۆی یادی ٢٠ ساڵەی پەسەندكردن و ١٦ ساڵەی دەستبەكاربوونی یەكەم دادگای تاوانی نێودەوڵەتییە لە جیهان و ئەم دادگایە بە هەموو كەموكوڕیەكانیەوە، تا ڕادەیەك بۆتە بەربەستێك لە بەردەم ئەنجامدانی تاوانە زەقەكان.
داواشیان كرد: حكومەتی هەرێم پێشوازی لە هیچ كەسێك نەكات لە هەرێمی كوردستان كە لە لایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بانگ كرابێت و لە كاتی سەردانیكردنیان دەستگیر و تەسلیم بە دادگای ناوبراو بكرێ، هەروەها هەر كەس و لایەنێك نكوڵی لە جینۆسایدی ئێزیدی و كریستیان و پێكهاتەكانی دیكە بكات یاخود قوربانییەكانیان بە شەهید نەزانێت پێویستە سزا بدرێت.
پەیماننامەی ڕۆما لە ١٧/٧/١٩٩٨ بڕیاری لەسەر دراوە و تا ئێستا چەندین جار هەموار كراوەتەوە و ١٢٤ دەوڵەت پەسەندی پەیماننامەكە و دادگای تاوانی نێودەوڵەتیان كردووە.
ك.ك/ج