داوا دەکرێت پێوەری ئاوی ماڵان لە سلێمانی و شارەکانی دیکە ڕابگیرێت

ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ڕایدەگەیەنێت، لەسەر گرفتەکانی پێوەری خوێندنەوەی ئاوی ماڵان، کۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە و داوایان کردووە، کە ئەگەر بە زووترین کات کێشەکانی سیستمەکە چارەسەر نەکرێت کارکردن بەو پێوەرە ڕابگیرێت.


بەهۆی سکاڵای هاوڵاتیان لەسەر نرخی زۆری پارەی گەڕاندەوەی پسوڵەکانی ئاو بە پێوەری نوێی خوێندنەوەی ئاوی ماڵان، لە پارێزگای دهۆک کارکردن بەو سیستەمە ڕاگیراوە، بەڵام هێشتا لە سلێمانی و پارێزگاکانی دیکە کارکردن بەو سیستمە بەردەوامە.

محەمەد شێخ عەبدولوەهاب، ئەندامی لیژنەی شارەوانی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند "ئێمە پێش پارێزگای دهۆکێش کۆبووینەتەوە لەگەڵ کۆمپانیاکانی هێنانی پێوەری ئاو بۆ ماڵان و لەسەر سکاڵاکانی هاوڵاتیان چەندین لیژنەمان پێکهێناوە تا بەدواداچوون بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بکەین".

ئەوەشی خستە ڕوو، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم لەسەر گرفتەکانی پێوەری خوێندنەوەی ئاوی ماڵان، کۆبوونەتەوە و داوایان کردووە، کە ئەگەر بە زووترین کات کێشەکانی سیستەمەکە چارەسەر نەکرێت کارکردن بەو پێوەرە ڕابگیرێت.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەن، بە پێویستیشی دەزانێت، کە زووترین کات هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان و لیژنەکان کۆببنەوە و چارەسەرێک بدۆزنەوە و بەرژەوەندیی هاوڵاتیان بخەنە پێش هەموو شتێک ئەو بڕە پارەیش کەمبکەنەوە، وتیشی: ئەگەریش ئەم پێوەرە هەموو ئەو کێشانەی هەیە چارەسەر نەکرێت دەبێت لە هەولێر و سلێمانی و شارەکانی تریش بە تەواوی ڕابگیرێت.

کۆتایی مانگی ڕابردوو، مەسعود کاڕەش، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆكانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاندبوو زیاتر لە ٥ هەزار هاوبەش لە ٥٠٠ هەزار دینار بۆ سەروو سێ ملیۆن دینار پارەی ئاوییان بۆ هاتووەتەوە، هەروەها هەزار دۆسیەی هەڵەی خوێندنەوەی پێوەری ئاو هەیە.

ک.س