داوا لە مامۆستایانی ئاینی دەکرێت دەرەبارەی ماددەهۆشبەرکان خەڵک هۆشیاربکەنەوە

ڕێکخراوی پڕۆگرامسازی زمانەوانی دەمار NLP، لە بارەی هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە سەر ماددە هۆشبەرەکان، سیمینارێکی بۆ مامۆستایانی ئاینی سنوورەکە ئەنجامدا، تێیدا داوایان کرد کە مامۆستایان هاوکارییان بکەن لە هۆشیارکردنەوەی خەڵکدا.


ئەمڕۆ ڕێکخراوی پڕۆگرامسازی زمانەوانی دەمار، لە شارۆچکەی ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەرین، سمینارێکی لە بارەی هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە سەر ماددە هۆشبەرەکان بەڕێوەبرد.

دوای بەڕێوەچوونی سیمینارەکە، نامیلکەیەک بە سەر مامۆستایانی ئاینییدا دابەشکرا، تێیدا باس لە کاریگەرییە خراپەکانی ماددەی هۆشبەر کراوە، کە مامۆستایان بتوانن لە ڕێگەی مینبەرەکانی مزگەوتەوە خەڵکی پێ هۆشیار بکەنەوە.

یاسین وەرتی، مامۆستای ئاینی، لەسەر سیمینارەکە وتی، بەکارهێنان و بازرگانیی کردن بە ماددەی هۆشبەر لە ڕووی شەرعیەوە حەرامە و ماموستایانی ئاینی دەتوانن کاریگەریان لە سەر کۆمەڵگە هەبێت.

ئەو مامۆستا ئاینییە وتیشی: کۆمەڵگای کوردی کۆمەڵگایەکی پاک و خاوێنە، ئەرکی هەموو لایەکە پێکەوە بەرەنگاری ئەو تیرۆرە ڕەشە ببینەوە، چونکە بەکارهێنانی ئەوماددانە مەترسی چەندان نەخۆشی کوشندەی لێدەکەوێتەوە و سەرەنجام ئالودەبویەکی ڕووخاو بەرهەم دەهێنێت.

جێگای ئاماژەیە، ئەمە سێیەمین سیمیناریانە و لەسەر جەم قۆناغەکاندا زیاتر لە دوو هەزار مامۆستای ئاینی بەشداری کردووە، هەڵمەتەکە لەسلێمانی وشارەزوور و ڕاپەڕین ئەنجام دراوە، بڕیارە لە سەرجەم شارەکاندا ئەنجامی بدەن.

س.ح