داگیرکارییەکانی تورکیا بە مەترسیی دەزانرێت و داوای یەکگرتووی کورد دەکرێت

ڕۆژنامەنووسانی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین باس لە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی وتورک و مەترسییەکانی دەکەن، لەبەرامبەریشدا تەنها چارەسەر بە یەکدەنگیی کورد دەزانن و پەیامی خۆیان دەگەیەننە لایەنە سیاسییەکانی کورد.


داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە باشوری کوردستان بەردەوامیی هەیە، هەروەها هیچ بایەخێک بە یاسا نێودەوڵەتی و عێراقییەکان نادەن و ڕۆژانە سنوورەکان بۆردوومان دەکەن، لەو چوارچێوەیەدا هاوڵاتیانی ئیدارەی ڕاپەڕین بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

سەلمان کۆچەری-ڕۆژنامەنووس، دەڵێت: دیارە دەوڵەتی تورکیا بە درێژایی مێژوو و بە تایبەت لە ۲۰ ساڵی ڕابردوو بە شێوەیەکی جدی کار لە سەر داگیرکردنی کوردستان دەکات، ئەوەش دوورە لە یاسا و پرنسیپ و تەنانەت سنوورە نێودەوڵەتییەکانیشی تێپەراندووە و لە باشوری کوردستان بە قوڵایی زیاتر لە ۲۰ کیلۆمەتر هاتووەتە پێش، ئەو هەوڵانەی تورکیا هەوڵێکی مەترسیدارن، چونکە تورکیا باوەری تەنیا بە تورک بوونە و باوەڕی بە هیچ گەلێکی دیکە نییە، جیا لەوانە مەترسییەکی دیکەی تورکیا لە باشور دروستکردنی شوێن و بنکەی سیخورییە کە بووەتە هۆی شەهیدکردنی هاوڵاتیان و زەرەر گەیاندن بە خاکی باشوری کوردستان.

لەبەرامبەر ئەو هێرشانەدا، سەلمان بە پێویستی دەزانێت، کە "لە ئێستادا ئەوەی گرنگە بۆ وڵامدانەوەی هەر هێرش و پەلاماردانێک لە لایەن دەوڵەتانی هەرێمییەوە کۆدەنگی و یەک وتاری گەلی کوردە لە هەر چوار پارچەی کوردستان، جگە لەوە دەتوانین بەرامبەر بە هێرش و داگیرکارییەکانی تورکیا لە سەر خاکی باشوری کوردستان لە رێگای دادگای لاها و پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی عێراق ئەو دۆسیە بە شێوازێکی یاسایی بجوڵێنین و فشار لە سەر دەوڵەتی تورکیا دروست بکەین، چونکە ئەوەی تورکیا ئەنجامی دەدا پێشەڵکردنی مافی مرۆڤە".

هەروەها سەردار قادر ڕۆژنامەنووسێکی دیکەیە و دەڵێت: دوژمن بەردەوام ویستوویەتی کار لە سەر سڕینەوەی گەلی کورد بکات و شتێک نەهێڵیت بە ناوی کورد و کوردستان، بە داخەوە لێرەدا حزبێکی کوردی بۆ پەڵکێشکردنی تورکیا هاوکار دەبێت، ئەوەش لە داهاتوودا کاریگەری خراپ لە سەر کوردستان دروست دەکات، بەشێک لە سەرۆکی حزبەکان دەڵێن ئێمە شەڕی براکوژی ناکەین، بەڵام دەبینین هاوکار و ڕێ خۆشکەر بوون و پێش دوژمن کەوتوون، دەبی ڕووی ڕاستەقینەی خۆیان پێشان بدەن چیتر هاوکاری دوژمن نەبن.

سەردار باسی لە بڕیارەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد، کە ڕایگەیاندبوو نابێت بەبێ پرسی عێراق فڕۆکەی هیچ وڵاتێک ئاسمانیان ببەزێنێت و وتی، هەرچەند ئەو ئەو بڕیارەی دا، بەڵام ڕۆژی دواتر فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردوومانی قەندیلیان کردووە.

ئەو ڕۆژنامەنووسە ئاماژەی بەوەشکرد، کە پەیامی هەموو سەرکردەکانی کورد ئەوە بووە، کە کورد بە یەکگرتن دەگاتە سەرکەوتن، "ئەو دژایەتییەی لە بەرامبەر یەکتری بەرێوەی دەبەن لە بەرامبەر دوژمن بیکەن دەمێک بوو دەگەیشتن بە سەرکەوتن، یەکگرتنیش دەبێتە وڵامێک بۆ دوژمنان کە چیتر نەتوانن پەلامارمان بدەن".

س.ح