دایكی شەهید نەبەز: سەربەرزم کوڕەکەم لەڕێگایەکی پیرۆزدا شەهیدبووە

دایکی نەبەز لەتیف، لە پرسەی کوڕەکەیدا دەڵێت: شانازیی دەکەم کوڕەکەم لە ڕێگایەکی پیرۆز و دژ بە داگیرکەریی دەوڵەتی تورک-دا شەهید بووە.


ئەمڕۆ دووەمین ڕۆژی پرسەی گەریلای شەهید نەبەز لەتیف ناسراو بە فیداکار شارەزووری لە گوندی شەکی لە سنووری شاری هەڵەبجە بە ئامادەبوونی خزموکەسوکار و نوێنەری تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان، بەرەی دیموکراسیی گەل و کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە لە باشوری کوردستان، بەڕێوەچوو و مەراسیمەکە کۆتاییهات.

نازەنین محەمەدئەمین، دایكی شەهید نەبەز لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنیوز سوپاسی خزم و دۆستان و هەموو ئەو کەسانەی کرد، کە لە دوو ڕۆژی پرسەی کوڕەکەیدا ئامادەبوون و هاوخەمییان بوون.

نازانین محەمەدئەمین، ڕاشیگەیاند: سەربەرزم کوڕەکەم لەو ڕێگا پیرۆزەدا و لە خەباتی دژ بە دەوڵەتی تورک-دا شەهیدبووە.

هەروەها، ڕەحمە محەمەد، پوری شەهید نەبەز، بە هەمان شێوە باسی لەو شانازییە کرد، کە ڕۆڵەکەیان لەپێناو کوردایەتییدا شەهیدبووە.

ڕەحمە محەمەد، وتیشی: نەبەز لە ئەوروپا دەژیا، تەنیا دوو مانگ بوو گەڕابووەوە کوردستان، لە خۆشەویستیی بۆ کوردایەتیی و پەکەکە چەکی لە شان کرد و دژی داگیرکەر دەستی بە خەبات کرد.

ئەحمەد ساڵح، ئامۆزای شەهید نەبەز، بەناوی کەسوکاری شەهیدەوە داوای لەلایەنە سیاسییەکان کرد، کە یەکبگرن بۆ سەرکەوتنی کوردستان، چونکە یەکگرتن تەنیا ڕێگای سەرکەوتنە.

تا ئێستا تەرمی شەهید نەبەز نەگەڕێندراوەتەوە بۆ زێدی خۆی، کەسوکاری شەهید داوایان کرد، کە بەزووی تەرمی شەهیدەکەیان بۆ بگەڕێننەوە بۆ ئەوەی لە زێدی خۆی بە خاکی بسپێرن و دڵی ئەوانیش ئارام ببێتەوە.

نەبەز لەتیف ڕۆژی ٢ی ئەم مانگە بەهۆی تۆپبارانی فڕۆكەكانی سوپای توركەوە لەناوچەی زاب شەهید بوو.

ش.ف