ئومێد بەرۆشکی، دەسەڵات ڕێگەی نەدا ساڵی ڕابردوو پۆلی ١٢ی ئامادەیی تەواو بکات و خستییە زیندانەوە، ناچاربوو خوێندن بهێنێتە سلێمانی، ئێستا خولی دووەمی تاقیکردنەوەکان دەستپێدەکات و ئومێد بەهۆی هەڵوێستەکانییەوە جارێکیتر کەوتووەتەوە زیندان و خوێندنی ئەمساڵیشی لە مەترسیدایە.
ئومێد یەکێکە لە گەنجە ڕەخنەگرەکانی دەسەڵات و تا ئێستا زیاتر لە شەش جار لەلایەن دەسەڵاتدارانی پەدەکەوە لە دهۆک زیندانییکراوە، بەڵام نەک بێدەنگ نەبووە، بەڵکو زیاتر برەوی بە هەڵوێست و چالاکییەکانی داوە، دوواین جاریش ١٨ی ئەم مانگە خرایە زیندانەوە و تا ئێستا سەربەستنەکراوە.
ئومێد ساڵی پار لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا لە زیندانەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکە’دا بوو، هەربۆیە ئەو ساڵە مایەوە و نەیتوانی قۆناغەکە تەواو بکات، ئەمساڵیش تاقیکردنەوەی خولی دووەمی هەیە و دیسانەوە هەمان دەسەڵات خستوویەتییە زیندانەوە.
ئومێد بەرۆشکی تەمەنی ٢٢ ساڵە و دانیشتووی گەڕەكی بەرۆشكێ’یە لە ناوەندی پارێزگای دهۆك، پێش دەستبەسەركردنی بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاندبوو “ساڵی ڕابردوو بەهۆی دەستبەسەركردنم لەلایەن ئاسایشی دهۆكەوە نەمتووانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی تەواوبكەم، ئەمساڵ بۆ ئەوەی نەبمەوە قوربانی سیاسەتەكانی پارتی، كە بەرامبەر بە گەنجانی دهۆك دەیكات خوێندەنەكەم گواستەوە بۆ سلێمانی”.
١ی مانگی داهاتوو کە چەند ڕۆژێکی کەمی ماوە، خولی دووەمی تاقیکردنەوەکان دەستپێدەکات، بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە ئومێد لە زیندانەکانی پەدەکە’دایە، تەنها تاوانیشی ئەوەیە، لە فەیسبووک داوای خۆپیشاندانی کردووە.
س.ح