دواهەمین شەهیدی ۱۷ی شوبات بیرهێنرایەوە 

یادی هەردی فاروق، دواهەمین شەهیدی خۆپیشاندانەکانی ۱۷ی شوبات کرایەوە لە شاری سلێمانی.


دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گۆڕستانی شەکرەکە لە سلێمانی یادی شەهید هەردی فاروق، دواهەمین شەهیدی ۱۷ی شوبات لە شاری سلێمانی کرایەوە.

 لە یادەکەدا کەسوکاری شەهید هەردی و چالاکوانان و بەشێک لە ئەندامانی پەرلەمانی لە خولی پیشوو لە فراکسیۆنی گۆڕان ئامادەبوون.

هەر لە مەراسیمەکدا باوکی شەهید هەردی بە گریانەوە باسی شەهیدبوونی کوڕەکەی کرد و وتارێکی پێشکەش کرد و وتی: دوای کوشتنی ڕۆڵەکانمان چیتان کرد بۆ نەهیشتنی خەمی کەسوکاریان؟

ئەوەشی وت: هەمیشە دەیڵیم، چاکسازیی لەم دەسەڵاتەدا بوونی نیە و ناشبێت .
لە ڕۆژی ١٧ی شوباتی ٢٠١١ خۆپیشاندان لە هەرێمی کوردستان لە دژی گەندەڵیی دەستیپێکرد و ماوەی زیاتر لە دوو مانگی خایاند، بەڵام هێزە ئەمنییەکان بە فیشەک وەڵامی خۆپیشاندەرانیان دایەوە، بەو هۆیەوە چەندین خۆپیشاندەر شەهید کران، یەکێک لەوانەش هەردی فاروق بوو، کە گەنجێکی شاری سلێمانی بوو بە فیشەکی هێزە ئەمنییەکانی شەهید بوو.


ک.ک