٧٣ەمین فەرمانی سەر شەنگال، لاپەڕەیەکی دیکەی تاوان و کۆمەڵکوژیی لە مێژووی گەلی کورد و پێکهاتەی ئێزیدی کردەوە، ئێستا ماڵ بە ماڵ و تاک بە تاکی شەنگال هەڵگری دەیان چیرۆکی ناخهەژێنی ئەو تاوانەن و ئەوەی لەو شەوەدا لە شەنگال بووبێت، هیچ کات ناتوانێت ئەو ڕۆژ و کارەساتە ناخهەژێنەکانی لە یاد بکات، دوای شەش ساڵ لە فەرمانەکە تائێستا دایکان چاو بە ئەسرینن و چآوەڕوانی ڕۆڵە بێسەر و شوێنەکانیان.
چەتەکانی داعش لە شەوی ٢ لەسەر ٣ی ئابی ساڵی ٢٠١٤دا گەورەترین تاوان و کۆمەڵکوژیی و هێرشیان بۆسەر شەنگال ئەنجامدا، ئێزدییەکان لەو ڕۆژەدا جەژنی چلەی هاوینیان پیرۆزدەکرد، بەڵام چەتەکان لەو ڕۆژەدا هەزاران کەسیان شەهید و بێسەر وشوێن کرد کە زۆربەیان ژن و منداڵبوون، دەیان هەزار کەسیش ئاوارەبوون، کە بەشێکیان تائێستا چارەنوسیان نادیارە.
عەدلان حەسەن، خەڵکی گوندی تلبناتی سەر بە شارۆچکەی شەنگالە و دایکی شەش کچ و دوو کوڕە و یەکێکە لەو هەزاران کەسەی لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی کەسوکاریاندان کە چەتەکانی داعش ڕفاندویانن، ئەو هەرچەندە نەیدەویست قسە بکات و لە پێش چاوی کامێرا دەربکەوێت، بەڵام لەسەرخۆ کەوتە گێڕانەوەی بەشێک لە چیرۆکە پڕ لە ناسوورییەکەیان لەو ڕۆژەدا، لە ڕووخساریدا دیار بوو لە ئازارێکی قووڵدایە و هێشتاش بە باسکردنی فەرمانی سەرشەنگال و دەربەدەربوونیان چاوی پڕ لە ئەسرین دەبوو.
عەدلان لەوکاتەدا کە چەتەکانی داعش هێرش دەکاتە سەریان، لەگەڵ ژمارەیەک لە کەسوکارەکانیان دەتوانن خۆیان لە شەنگال دەرباز بکەن، بەڵام زۆر نابات و لە یەکێک لە بازگەکانی نزیک شەنگال چەتەکان پێشیان پێدەگرن و ٢٨ کەس لە خانەوادە و کەسوکاریان دەڕفێندرێن، کە یەکێک لەوانە کچەکەی دەبێت کە تائێستاش بەشێکیان بێسەروو شوێنن.
دایە عەدلان، هاوڕێ لەگەڵ منداڵان و کەسوکارەکانی ڕوو لە چیای شەنگال دەکەن و ماوەی نۆ ڕۆژ لەوێ دەمێننەوەوە و دواتر بەشێکیان ڕەوانەی کامپەکان دەکرێن و ماڵ و زێدییان جێدەهێڵن و بە دڵشکاوی و زامداری هەر یەکە و لەشوێنێک دەگیرسێنەوە و بەشێکی دیکەشیان ڕوو لە دەرەوەی وڵات دەکەن.
دوای هەشت مانگ، هەواڵی کچەکەی دایە عەدلان دێت کە ئەو ماوەیە لە دەستی داعش دا بوو و دواتر بە بڕێک پارە کچەکەیان وەردەگرنەوە، ئەگەرچی لە سەر چۆنیەتی دۆزینەوە و پەیدا کردنی کچەکەی پرسیارمان کرد، بەڵام ئەو ناشارەزا بوو و نەیدەزانی چۆن و بە چ رێگایەک هێنراوەتەوە، پاشانیش بە تێپەربوونی کات چوار کەسی دیکەیان دەگەڕێننەوە.
ئێستا دایە عەدلان، لە ٢٨ کەسە بێسەر و شوێنکراوەکەی تەنیا پێنج کەسیان گەڕاونەتەوە و ئەوانی دیکە بێ سەروشوێنن و تا ئێستا نازانن کە ماون یان نا، هەر بۆیە بە دڵێکی غەمگینەوە وتی: تەنیا چاوەڕوانیمان لە خوایە کە ئەوانمان پێ شاد بکاتەوە و دڵمان بە ڕەحمی خودا خۆشە کە بەڵکوو سەلامەت بن.
بۆ سۆراغی کەسە بێسەرو شوێنکراوەکانیان دایە عەدلان و کەسوکارەکەی چەندین جار سەردانی کامپی هۆل-یان لە ڕۆژئاوای کوردستان کردووە بۆ دۆزینەوەیان، بەڵام بێ ئەنجام بووە و هەر لە چاوەڕوانی ئازیزانیاندان.
ئێستا شەش ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر تاوانەکەدا و سەرەڕای چەشتنی ئەو ئازارانە و دەربەدەربوونیان و لە دەستدانی ماڵوحاڵیان، هێشتا نزیکەی ١٨٠ خیزان لە خەڵکی شەنگال لە ناو کامپی ئاشتی سەر بە پارێزگای سلێمانی نیشتەجێن و لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی ونبووەکانیان و گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیاندان.
ک.س