دوو بەرپرسی ئێران سه‌ردانی که‌رکوک دەکەن

فه‌رمانده‌یه‌کی سوپای پاسدارانی ئێران و نوێنه‌رێکی تایبه‌تی عەلی خامنه‌ئی سه‌ردانی که‌رکوک-یان کردوە و له‌گه‌ڵ تورکمانی شیعه‌ و به‌شێک له‌ عه‌ره‌به‌ شیعه‌کانی شاره‌که‌ کۆبوونەتەوە.


به‌پێی سەرچاوەیەکی ڕۆژنیوز، موجتەبا حسێنی، نوێنه‌ری عه‌لی خامنەئیی ڕێبه‌ری باڵای ئێران، به‌ یاوه‌ری عه‌لی ئیقبالپور فەرماندەی سوپای پاسداران و نوێنەری قاسم سولەیمانی، سەردانی کەرکوکیان کردوە.

هەر بە پێی زانیارییەکان، شاندێکی حه‌شدی شه‌عبی سه‌ردانه‌که‌ی بۆ ئەو دوو بەرپرسەی ئێران ڕێکخستووه‌، ئەوان چوونەتە‌ گوندی به‌شیری تورکمان نیشین، هه‌روه‌ها سه‌ردانی حوسەینیه‌ی (ئیمام زین العابدین)یان کردووه‌ له‌ شارۆچکه‌ی داقووق، دواتر چوونەته‌ شارۆچکه‌ی خورماتوو له‌ سنوری پارێزگای سەڵاحه‌دین، هەروەها چوونتە شاره‌دێی ئامرلی-یش.

سه‌رچاوه‌یه‌کی تایبه‌ت که‌ نه‌ویست ناوه‌که‌ی ئاشکرا بکرێت، به‌ ڕۆژنیوزی ڕایگه‌یاند:" سه‌رۆکایه‌تی زانکۆی که‌رکوک کۆڕێکی بۆ موجتەبا حسێنی ڕێکخستووه‌ ده‌ربارەی پێکه‌وه‌ژیان له‌ شاره‌که‌".

که‌رکوک له‌ ئێستادا بووەتە شوێنی ململانێی هێزه‌ هەرێمییەکان، تورکیاش بۆ به‌هێزکردنی پێگه‌ی خۆی له‌ شاره‌که‌ هه‌وڵی جدی ده‌دات بۆ کردنه‌وه‌ی کۆنسوڵخانه‌ و به‌ ئاشکرا ده‌ست له‌ کاروباری ناوخۆی که‌رکوک وه‌رده‌دات، له‌ ئێستاشدا ئێران به‌ فه‌رمی ده‌ست له‌ کاروباری ناوخۆی شاره‌که‌ وه‌رده‌دات.

 

ک.ک