دوو حزب لە كەركوك ڕێكەوتنی كاری هاوبەشیان واژۆ کرد

هەریەك لە حزبی هاوپەیمانی نیشتمانی و حزبی توركمان ئیلی ڕێكەوتنی كاری هاوبەشی سیاسیان لە كەركوك واژووكرد، وەك بەپرسانی هەردوو لا ئاماژەی پێدەكەن ئامانج لە ڕێكەوتنەكە بۆ قبوڵكردن و پێكەوەژیانی نەتەوەكانی كەركوكە.


ئێوارەی ئەمڕۆ حزبی توكمان ئیلی و هاوپەیمانی نیشتیمانی لە هۆتێل سنەوبەر لە شاری كەركوك ڕێكەوتنی سیاسی كاری هاوبەشیان ئیمزا كرد.

دوابەدوای واژووكردنەكە، نەجمەدین ئەحمەد، بەپرسی دەڤەری كەركوكی هاوپەیمانی نیشتمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی: "ئامانج لەو ڕێكەوتنە پتەوكردنی برایەتی نێوان پێكهاتەكانی شاری كەركوكە، دۆخی سیاسی و ململانێكان گەیشتۆتە ئاستی لوتكە لەم شارە، ئەمەش وایكردووە هاوڵاتیان تەواو بێ ئومێدبن، بۆیە دەبێت ئێمە كەركوكیەكان چیتر ڕێگە نەدەین دۆخەكە لەمە زیاتر ئاڵۆز بكرێت، دەبێت هەموو لایەن و پێكهاتەكانی كەركوك ڕێگربین لە تێكچوونی دۆخی كەركوك، وە نابێت چیتر ڕێگە بدەین خێر و بێری ئەم شارە بەهەدر بدرێت".

وتیشی: "ئێمە وەك هاوپەیمانی نیشتمانی و توركمان  ئیلی لە شاری كەركوك ئەمڕۆ ڕێكەوتنامەی سیاسی كاری هاوبەشمان واژووكرد، هەردوو كار دەكەین بۆ ئاشتەوای نێوان لایەنە سیاسەكان و لایەنی كۆمەڵایەتی، ئامانجمانە كە سەرجەم لایەنەكانی شاری كەركوك پێكەوە دەست لە ناو دەست بكەین بۆ ئەوەی دۆخی شارەكە بەرەوە ئاستێكی باشتر و یەكتر قبوڵكردنی یەكجاری بەرین، دیارە ڕێكەوتنەكە لەسەر ئاستی شاری كەركوك دەبێت و لەم شارە هەوڵەكان چڕ دەكەینەوە بۆ ئاسایشی نیشتمانی".

ک.س