دوو ماددە لە پرۆژەیاسای هەڵپەساردنی یاسای سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێم پەسەندکرا.. نوێکراوەتەوە

پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، دوو ماددە لە پرۆژەیاسای هەڵپەساردنی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم پەسەندکرد، بەپێی ئەو دوو ماددەیەش، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی هەرێم لەگەڵ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمدا ئەنجامنادرێت و کارکردنیش بە یاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم بەردەوامدەبێت.


ئەمڕۆ کاتژمێر ١١:٠٠ دانیشتنى ژماره‌ ٦ى خولى چواره‌مى به‌هاره‌ى په‌رله‌مانى هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و بەردەوامیی هەیە، تەوەرێکی دانیشتنەکەش بۆ گفتوگۆکردنی پرۆژه‌یاساى هه‌ڵپه‌ساردنى دامه‌زراوه‌ى سه‌رۆکایه‌تىی هه‌رێم تەرخانکراوە.

لە دانیشتنەکەدا، ماددەی یەكەمی پرۆژەیاسای هەڵپەساردنی یاسای سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێم، كە تایبەتبوو بە دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێم بە ٤٤ دەنگی بەڵێ بەرامبەر بە ١٦ دەنگی نەخێر پەسەند كرا، هەروەها ماددەی دووەمیش، کە تایبەتە بە کارکردن بە یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم، بە ٣٤ دەنگی بەڵێ بەرامبەر بە ٢٥ دەنگی نەخێر پەسەندکرا.

لە دانیشتنی دوێنێی پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا، فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان و ژمارەیەک پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، پرۆژە یاسایەکیان بۆ هەڵپەساردنی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم پێشکەشی پەرلەمانی هەرێم کرد.

پرۆژە یاساکە لە پێنج ماددە پێکهاتووە، کە تاوکو ئێستا دوو ماددەی لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندکراوە و بریتیین لە:


مادەی یەكەم: هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێم هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام نادرێت.

مادەی دووەم: كاركردن بە یاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠١٧ بەردەوام دەبێت.

مادەی سێیەم: پێویستە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە یەكەمین وەرزی گرێدانیدا لەژێر رۆشنایی بنەما گشتییەكانی دەستوور، بڕیار لەسەر چارەنوسی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بدات.

مادەی چوارەم: كار بە هیچ دەقێكی یاسایی ناكرێت، پێچەوانەی حوكمەكانی ئەم یاسایە بێت.

مادەی پێنجەم: پێویستە لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەكان حوكمەكانی ئەم یاسایە جێبەجێبكەن.

لەلایەکی دیکەشەوە، فراکسیۆنى یه‌کگرتووى ئیسلامیى کوردستان لە پەرلەمانی هەرێم، داواى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى پۆستى سه‌رۆکایه‌تیى هه‌رێمى کوردستان ده‌کات و ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر پێویستبکات، پڕۆژه‌ یاساش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پێشکه‌ش ده‌که‌ن.

به‌هزاد زێبارى، سه‌رۆکى فراکسیۆنى یه‌کگرتووى ئیسلامیى کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لە تەلاری پەرلەمانی، ڕایگەیاند:‌ پێمان وایه‌ یان هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم بکرێت یان ده‌بێت دامه‌زراوه‌ى سه‌رۆکایه‌تىی هه‌رێم هه‌ڵبوه‌شێته‌وه،‌ بۆ ئه‌وه‌ى بەیه‌کجاره‌کىی له‌م کێشه‌یه‌ ڕزگارمان ببێت.

هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، ئه‌بوبه‌کر هه‌ڵه‌دنى، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى هەرێمی کوردستان له‌ فراکسیۆنی یه‌کگرتووى ئیسلامى وتى: ئه‌و پرۆژه‌یه‌ى ئێستا ئاماده‌کراوه‌، که ‌بابه‌تى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم بۆ خولى داهاتوو دوابخرێت، به‌ڵام پێمانوایه‌ که‌ ده‌بێت هه‌ڵبوه‌شێته‌وه،‌ چونکه‌ پێشتر ئه‌م پۆسته‌ بۆ دابه‌شکردنى ده‌سه‌ڵات و پۆست له‌ ئه‌نجامى دوو ئیداره‌یی هاتووەته‌ ئاراوه‌.

جەختیشیکردەوە، کە ئه‌گه‌ر پێویست بکات، پرۆژه‌ یاساش بۆ هەڵوەشاندەوەی پۆستی سەرۆکایەتیی هەرێم پێشکه‌شی پەرلەمان ده‌که‌ن.

تاوەكو ئامادەكردنی ئەم هەواڵەش، پەرلەمان بەردەوامە لە گفتوگۆکردن لەسەر ماددەکانی دیکەی پرۆژەیاسای هەڵپەساردنی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم.

ب.ل