دوابەدوای سووتانی چادری ئاوەرەکانی کامپی شاریا، هاوڵاتییەکی ئێزدی نیشتەجێی ئەڵمانیا بڕیاریدا بە تەرخانکردنی زەوی لە شەنگال بۆ ئەو ئاوارانە و هاوکارییشیان بکات لە دروستکردنی خانوودا، هاوڵاتییەکی دیکەش بڕیاریداوە بە دابینکردنی زەوی بۆ ٣٠٠ ماڵی ئاوارە.
ڕۆژی ٤ی ئەم مانگە ئاگر لە کامپی شاریا لە سنووری دهۆک کەوتەوە کە ئاوارە ئێزدییەکانی شەنگال تێدا نیشتەجێین، لەو ڕووداوەدا نزیکەی ٤٠٠ چادری ئاوارەکان سووتا و شەش هاوڵاتییش برینداربوون، دوای ئەوە خۆبەڕێوبەری دیموکراتی شەنگال داوای لە ئاوارەکان کرد کە بگەڕێنەوە سەر خاکی خۆیان.
هەر لە چوارچێوەی هەوڵەکاندا بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی شەنگال، نەجاح بازۆیی، کە هاوڵاتییەکی ئێزدی خەڵکی خانەسۆرە و لە وڵاتی ئەڵمانیا دەژی، بۆ ئەوەی کە ئاسانکاریی بۆ گەڕانەوەی ئێزدیانی ئاوارە بکات، زەوییەکانی بۆ نیشتەجێیبوونی ئەو ئاوارانە تەرخان کردووە و لەو بارەوە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.
بازۆیی ڕایگەیاند: حەوت ساڵە خەڵکەکەمان لەناو چادرەکاندا دەژین، هەرچەند زۆرێکیشان گەڕاونەتەوە بۆ شەنگال، دۆخی شەنگال ئێستا زۆر ئارامە، هەموو کەسێک دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ناوچەکە، من زەوییەکانم بۆ ئەو هاوڵاتیانە دابین دەکەم، کە لە ئاگرکەوتنەوەکەی کامپی شاریا، چادرەکانیان سووتاوە، ٢٠٠ ماڵ دەتوانن خانووی تێدا دروست بکەن، ئێمەش هاوکار دەبین لە دروستکردنی خانووەکانیان.
نەجاح بازۆیی، داوای لە ئێزدییەکان کرد، کە کار بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بکەن و وتی: ئەگەر هاوکاریی یەکتر نەکەین، هیچ کەسێک هاوکاریی خەڵکەکەمان ناکات، بۆیە هەموو کەسێک دەبێت بەپێی دەرفەت هاوکاریی ئاوارە ئێزدیەکانی ناو کامپەکان بکات، تا بگەڕێنەوە بۆ شەنگال.
جگە لەم هاوڵاتییە، هاوڵاتییەکی دیکە بەناوی داقۆ عەلی، کە لە ئەورپا دادەنیشێت، ئامادەیی نیشانداوە زەوی بۆ ٣٠٠ ماڵی ئاوارە دابین بکات، کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ شەنگال.
ب.ک