ئەمڕۆ لەبەردەم کۆمپانیای نیشتیمانی هەڵکەندنی بیری نەوت و غاز و ئاوی عێراق، کرێکارانی کۆمپانیاکە لەبەرامبەر ڕاگرتنی کارەکانیان پێدانی کارەکە بە کۆمپانیای بیانی گردبوونەوە.
ژمارەی کارمەندەکانی کەرکوک دوو هەزار کەسە، ماوەی دوو مانگە کارەکانیان ڕاگیراوە، ئەوەش بەهۆکاری ئەوەی کاری ئەوان دراوە بە کۆمپانیایەکی نەوتی بیانی.
عەلی نیعمەت یەکێک لە ناڕازییەکانە و دەڵێت، دوو مانگە لەماڵەوە دانشتوون و نیو مووچەیان پێدەدرێت، دەشڵێت ئەوەش لە کاتێکدایە ئەوان فەرمانبەری سەرەکین و سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراقن.

بە وتەی عەلی کە ٣٥ ساڵ خزمەتی هەیە، کۆمپانیاکە هیچ ڕوونکردەوەیەکی پێنەداون، “ناکرێت دوای ئەو هەموو خزمەتەی من ئێستا کۆمپانیای بیانی بێت بەرهەمی ماندوبوونی من ببات”.
کۆمپانیای نیشتیمانی هەڵکەندنی بیره نەوتییەکان حکومییە و لە شاری بەسرە و کەرکوک کاردەکات، حەوت هەزار فەرمانبەری هەیە لە عێراق، لە ئێستادا سەرجەم کارەکانیان لە بەسرە و کەرکوک ڕاگیراوە.
س.ح