ماوەی سێ ڕۆژە دوو پێشمەرگەی یەنەکە بە تۆمەتی ڕاوکردن، لەلایەن ئاسایشی پەدەکەوە لەسنووری پارێزگای هەولێر دەستگیر کراون، کەسوکاری پێشمەرگەکانیش دەڵێن: گرتنەکەیان نایاسایی و سیاسییە، چونکە ئەگەر کێشەی ڕاوبوایە ئەوا پۆلیس دەستگیری دەکردن نەک ئاسایش.
شەوی ١٩ی ئەم مانگە لەلایەن ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستان – پەدەکە، لە سنووری شارەدێی قەسرێی سەر بەشارۆچکەی چۆمانی سنووری پارێزگای هەولێر، دوو هاوڵاتی قەسرێ کە پیشەیان پێشمەرگەیە لە بازگەی دەشتی ماوانی قەسرێ لە لایەن ئاسایشەوە دەست بەسەرکراون و تا ئێستاش لە زیندان ماونەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنیوز، کە لە کەسوکاری یەکێک لە پێشمەرگە دەستگیر کراوەکانی وەرگرتووە، دوو پێشمەرگەکە ناویان (ڕەمەزان ئەسکەندەر)و (سدیق عومەر)ە، پێشمەرگەی سەر بە یەکەی حەفتای یەکێتی نیشتیمانی کوردستان – یەنەکەن و لە ئێستاشدا لە ئاسایشی گشتی سۆران زیندانی کراون.
بەوتەی کەسوکاری پێشمەرگەکە، ئەو پێشمەرگانە بەبیانووی ئەوەی چوونەتە سنووری هەرێمەکانی پاراستنی میدیا بۆ ڕاوکردن لەکاتی گەڕانەوەیاندا دەستگیر کراون، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە گرتنەکەیان نایاسایی و سیاسییە، “چونکە بەپێی یاسا ئەگەر کێشەکەی ئەو پێشمەرگانە ڕاوکردن بێت، دەبێت لەلایەن پۆلیس و دادگاوە دەستگیر بکرێن، پاشانیش بە پێبژاردن ئازاد بکرین نەک بۆماوەی سی ڕۆژ بەبێ فەرمانی دادگا و لە لای ئاسایش دەستگیر بکرێن”.
دەستگیرکردنی ئەو پێشمەرگانە لەلایەن ئاسایشی پەدەکەوە، لە کاتێکدایە کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا لە سنووریی بادینان و پارێزگای هەولێر، ئاسایشی سەر بە پەدەکە چەندین هاوڵاتی و چالاکوان و ڕۆژنامەنووسی بە بیانووی جیا جیا دەستگیر کردووە، کە بەشێکیان هێشتا لە زینداندان.
ک.س