دوو ژن و منداڵێکی ئێزدی لەچنگی داعش ڕزگار کران

دوو ژن و منداڵێکی ئێزدی کە لە کاتی هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر شەنگال بەدیل گیرابوون و ڕفێندرابوون، پاش ئەوەی لەلایەن شەڕڤانانەوە ڕزگار کران، گەڕێندرانەوە بۆ لای خانەوادەکانیان لە خانەسۆری شەنگال.


زیاتر لە چوار ساڵ بەسەر هێرشی داعش بۆ سەر خەڵکی ئێزدی تێپەڕدەبێت و هێشتا چارەنووسی ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و منداڵانی ئێزدی نادیارە، بکەرانی ئەو تاوانەش هێشتا دادگایی نەکراون و سزا نەدراون.

یەکینەکانی پاراستنی ژنان- یەپەژە، لە رۆژئاوای کوردستان و هێزەکانی سوریای دیموکرات- قەسەدە لە باکوری سوریا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانیان لەدژی داعش، ژمارەیەک لەو ژن و منداڵانەیان رزگار کرد و ڕەوانەی شەنگالیان کردوونەتەوە.

هەر لەم دواییانەشدا دوو ژن و منداڵێک لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە ڕزگار کران و نێردرانەوە بۆلای خانەوادەکانیان لە خانەسۆری سەر بە شەنگال.

مولکە خدری تەمەن ٣٠ ساڵ دەڵێت، کە چەتەکان لە ڕۆژی فەرمانەکەدا هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیان لە گوندی کۆچۆ و بەدیلیان گرتووە، دەشڵێت، هەرگیز باوەڕی نەدەکرد لەچنگی چەتەکان ڕزگار بێت، بەڵام بەهۆی تێکۆشانی شەڕڤانانەوە توانیویەتی بگەڕێتەوە لای خانەوادەکەی.

فیروز هاسم-ی تەمەن ١٧ ساڵ یەکێکی دیکە لەو ژنە ڕزگارکراوانەیە، دەڵێت، چەتەکان پاش رفاندنی ناچاریان کردووە ئاینەکەی بگۆڕێت و ئێستا زۆر خۆشحاڵە بە گەڕانەوەی بۆ شەنگال.

ئەیناس ناسر ڕەشۆ تەمەنی ١٢ ساڵانە و ئەو کاتەی ڕفێندراوە تەنیا هەشت ساڵان بووە، ڕەزامەندە بەوەی ڕزگاربووە و گەڕاوەتەوە بۆ لای دایکی.

س.ح