هەینی, 14 سبت 2018 – 14:09 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
زیاتر لە چوار ساڵ بەسەر هێرشی داعش بۆ سەر خەڵکی ئێزدی تێپەڕدەبێت و هێشتا چارەنووسی ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و منداڵانی ئێزدی نادیارە، بکەرانی ئەو تاوانەش هێشتا دادگایی نەکراون و سزا نەدراون.
یەکینەکانی پاراستنی ژنان- یەپەژە، لە رۆژئاوای کوردستان و هێزەکانی سوریای دیموکرات- قەسەدە لە باکوری سوریا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانیان لەدژی داعش، ژمارەیەک لەو ژن و منداڵانەیان رزگار کرد و ڕەوانەی شەنگالیان کردوونەتەوە.
هەر لەم دواییانەشدا دوو ژن و منداڵێک لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە ڕزگار کران و نێردرانەوە بۆلای خانەوادەکانیان لە خانەسۆری سەر بە شەنگال.
مولکە خدری تەمەن ٣٠ ساڵ دەڵێت، کە چەتەکان لە ڕۆژی فەرمانەکەدا هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیان لە گوندی کۆچۆ و بەدیلیان گرتووە، دەشڵێت، هەرگیز باوەڕی نەدەکرد لەچنگی چەتەکان ڕزگار بێت، بەڵام بەهۆی تێکۆشانی شەڕڤانانەوە توانیویەتی بگەڕێتەوە لای خانەوادەکەی.
فیروز هاسم-ی تەمەن ١٧ ساڵ یەکێکی دیکە لەو ژنە ڕزگارکراوانەیە، دەڵێت، چەتەکان پاش رفاندنی ناچاریان کردووە ئاینەکەی بگۆڕێت و ئێستا زۆر خۆشحاڵە بە گەڕانەوەی بۆ شەنگال.
ئەیناس ناسر ڕەشۆ تەمەنی ١٢ ساڵانە و ئەو کاتەی ڕفێندراوە تەنیا هەشت ساڵان بووە، ڕەزامەندە بەوەی ڕزگاربووە و گەڕاوەتەوە بۆ لای دایکی.
س.ح