وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لەگەڵ دوو كۆمپانیا گرێبەستێکیان بۆ کڕینی گەنمی جوتیاران واژۆکرد، کە بڕیارە لە ناوخۆدا بەکاربهێنرێت و ئەو بەرهەمانەی بە گەنمی ناوخۆ بەرهەم دەهێنرێت، هاوردەکردنیان قەدەغە بکرێت.
ئەمڕۆ لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی دوو كۆمپانیا و نوێنەری دەستەی وەبەرهێنان و وەزیری كشتوكاڵ، گرێبەستی كڕینەوەی بەرهەمەی تەواوی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان بۆ دوو کۆمپانیاکە واژوو كرا.

بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: پرۆژەی بەبازاڕكردنی گەنمی جووتیاران پڕۆژەیەكی ستراتیژییە، لە قۆناغی یەكەمدا ٥٠٠ هەزار تۆن گەنمی جووتیاران لەلایەن كەرتی تایبەت دەكڕین و بەسەرپەرشتی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، ئەو گەنمە بۆ ماوەی ساڵێك بۆ دروستكردنی ئارد بە هەموو جۆر و پلەكانی، ساوەر، بڕووێش، گەنمەكوتاو.. بەکاردەهێنرێت، هەروەها هەموو ئەو بەرهەمانە قەدەغە دەكرێت لە دەرەوە هاوردە بکرێن.
وەزیری کشتوکاڵ وتیشی: سەرمایەی پڕۆژەكە سەدان ملیۆن دۆلارە و هەزاران هەلی كار دەڕەخسێنێت، پشكی سەرەكی هەلی كارەكان بۆ دەرچووانی بەشەكانی كشتوكاڵییە، هەروەها ئاشی تایبەت دادەمەزرێت و بۆ ئاردی سفر و لە كیسنانی بەرهەمەكانی گەنم بۆ بازاڕەكان، نرخی بەرهەمەكان لەلایەن حكومەتەوە دیاری دەكرێت و حكومەت خۆی زەوی دابین دەكات، لەگەڵ بنەتۆ و نرخی كڕینەوەی گەنم دیاری دەكات و چاودێری كۆی پرۆسەكە دەكات، هەروەها ناوەڕۆكی ئەو پڕۆژەیە بەپێی یاسای وەبەرهێنان دەبێت.
س.ح