دوو کەشتی لە دەریای عەمان هێرشیان کرایەسەر و یەکێکیان ژێر ئاوکەوت

دوو کەشتی نەوتبەر لە دەریای عەمان هێرشیان کرایە سەرو گڕیان گرت، یەکێکیان ژێر ئاوکەوتووە، ٤٤ سەرنشینی هەردوو کەشتییەکەش لەلایەن هێزی دەریایی ئێرانەوە ڕزگارکراون.


بەپێی ڕاگەیاندنەکانی ئێران، بەیانی ئەمڕۆ هێرشکراوەتە سەر دوو کەشتی نەوتبەر لە دەریای عەمان، هەردووکیان گڕیان گرتووە ویەکێکیان ژێر ئاوکەوتووە.

کاتژمێر ٠٨:٥٠ خولەکی بەیانی ئەمڕۆ، کەشتییەکی نەوتبەر کە ئاڵای دوورگەکانی مارشاڵی لەسەر بووە و لە 'قەتەر'ەوە بەروە تایوان لەڕێگادا بووە و لە نزیکی هەرێمی ئاوی وڵاتی ئێران هێرش کراوەتەسەری و گڕی گرتووە، هەر کاتژمێرێک دوای ئەوە کەشتییەکی نەوتبەری دیکە کە ئاڵای وڵاتی پاناما-ی لەسەر بووە هەر لەو شوێنە تەقینەوەی تێدا ڕوویداوە و ئەویش گڕی گرتووە.

سەرنشینەکانی هەردوو کەشتییەکە کە ژمارەیان ٤٤ کەس بووە، دوای ئەو ڕووداوە خۆیان خستووەتە ناو ئاو و دواتر لەلایەن هێزی دەریایی ئێرانەوە ڕزگارکراون.

تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری ئەو ڕووداوە بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام ئێران پێشتر هەڕەشەی کردبوو کە ئەگەر نەوتی ئەوان هەناردە نەکرێت ڕێگە نادەن نەوتی وڵاتانی دیکەش لە گەروی هورموزەوە تێپەڕ بێت.

س.ح