دژی بێسەروشوێنکردنی ئەندامێکی هەدەپە لە هەولێر خۆپیشاندان دەکرێت

نوێنەرایەتی پارتی دیموکراتی گەلان- هەدەپە، لە هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی ئەوەی لەبارەی چارەنووسی ئەندامە بێسەروشوێنکراوەکەی زانیاری بەدەستبخات، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ خۆپیشاندانێک ئەنجامدەدات.


بەگوێرەی ئەو زانیارانەی نوێنەرایەتی هەدەپە لە هەولێر بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاندووە، ئەمڕۆ کاتژمێر ٠٥:٠٠ی ئێوارە، لە دژی بێسەروشوێنکردنی محەمەد وەفا کۆچاکلی، ئەندامێکی هەدەپە، لە بەردەم ئاسایشی ڕاپەڕینی هەولێر خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن.

محەمەد وەفا کۆچاکلی بەهۆی فشارەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ژیانی، ناچار بەرەو باشوری کوردستان ئاوارە بوو، ڕۆژی ١ی ئاب لەلایەن لقی ڕاپەڕینی ئاسایشی هەولێرەوە بانگ کراوە و لەو ڕۆژەوە هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە بە دەست نەگەیشتووە و بێسەروشوێنە.

بەرپرسانی هەدەپە لە هەولێڕ ڕایانگەیاندووە، کە سەردانی بەرپرسانی باڵای پارتی و هەروەها بەرپرسانی ئاسایشیان کردووە، بەڵام هیچ کامیان وەڵامیان نەداوەتەوە.

پێشتر وتبوویان، کە ئەگەر بە شێوەیەکی فەرمی وەڵامی پرسیارەکانیان نەدرێنەوە و زانیاریی ڕێک لەبارەی کۆچاکلییەوە بڵاونەکرێتەوە، ئەوا ناڕەزاییەکانیان دەگۆڕن و خۆپیشاندان ئەنجام دەدەین.

ک.ک